ئایا عێراق 20 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت؟

:: PM:07:10:24/05/2024 ‌

لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە بودجەی ساڵی 2024ی عێراق، بە هەمان شێوەی ساڵی 2023 دەبێت، واتە پێویستە عێراق لە ساڵەكەدا 20 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستە لەمساڵدا ناردوویەتی، كەمترە لەو شایستە داراییەی پێویست بوو بگەیشتایەتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بە "شەفەق نیوز"ـی ڕاگەیاند، لیژنەی دارایی دەستی بە كۆبوونەوەكانی كردووە، بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ یاسای بودجەی گشتی بكرێت و كۆبوونەوەكان زۆر چڕن تا دەگەنە ڕاپۆرتی كۆتایی و دەنگدان لەسەری.

سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان گوتی، بۆ ساڵی 2024، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، بە هەمان شیوەی 2023 دەبێت كە بەپێی یاسا 12.67%ی كۆی گشتیی بودجەی عێراقە كە دەگاتە 20 ترلیۆن دینار.

ئەگەرچی دانانی ڕێژەی 12.67% بۆ پشكی هەرێمی كوردستان، خوار داخوازیی هەرێمی كوردستانە، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هیچ ساڵێك نەبووە عێراق پابەندی ئەو ڕێژەیەش ببێت و وەك پێویست بودجەكە بنێرێت، ئەمەش وای كردووە بەردەوام تەنگژەی دارایی و گرفتی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست ببێت.

پێشتر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق لە لێدوانێكدا گوتبووی، بودجەی ساڵی 2024ی عێراق دەگاتە 144 ترلیۆن و 336 ملیار دینار، لە كاتێكدا خەرجییەكان گەیشتوونەتە نزیكی 211 ترلیۆن دینار، ئەمەش واتە نزیكی 64 ترلیۆن دینار لە بودجەی عێراق كورتهێنان دروست دەبێت، ڕەنگە ئەمەش مەترسییەكی ناڕاستەوخۆ بێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە نەناردنی شایستە دارایییەكان، بەشێكی ئەو كورتهێنانە پڕ بكەنەوە.



وشە - عەبدوڵا عومەر