"بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان پێویستە بەزووترین كات دەنگ لەسەر بودجە بدرێت"

:: AM:08:55:29/05/2024 ‌
دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق پڕۆژەی بودجەی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری نارد، دەنگی ناڕەزایی لەسەر بودجەكە بەرز بوو و بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبوونەوەی بەپەلی لەبارەیەوە ئەنجام دا، لە بەیاننامەیكدا رای گەیاند كە بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، پێویستە بەزووترین كات دەنگ لەسەر بودجە بدرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 29ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، دوێنێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە لە هێزەكانی شیعە جیا لە رەوتی سەدر پێكدێت، كۆبوونەوەی بەپەلەی لەبارەی پڕۆژەی بودجەی 2024 بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دا، دوای كۆبوونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاندووە، بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، پێویستە بەزووترین كات دەنگ لەسەر بودجە بدرێت.

سەرچاوەیەكی سیاسی بێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ پێگەكە رای گەیاند، كۆبوونەوە بەپەلەكە بۆ ئەوە كرا كە هەندێك دەنگی ناڕەزایی لەناو ئەندامانی پەرلەمان بەرز بووەوە، بەشێكیان پێی رازی نەبوون و داوایان دەكرد پڕۆژەكە بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆبوونەوەكە پێی وایە دەبێ بە زووترین كات سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێتە هەڵبژاردن.

حكوومەتی عێراق كاتێك پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2024ی بۆ پەرلەمان نارد، ماوەی پێنج مانگە ناردنی دواخرابوو، هۆیەكەشی هەندێك كێشەی هونەری لە پڕۆژەیاساكە هەبوو.

ئاماژە دراوە كە بەشێك لە ئەندامەكانی پەرلەمان پێیان وایە، بودجەی پارێزگاكان بۆ ئەمساڵ زۆر كەمتر بووە، لە كاتێكدا بودجەی هەرێمی كوردستان بەبڕی چوار تریلیۆن دینار بەرز بووەتەوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د