بژێویی کرێکارانی ئێران بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر خراپتر بووە

:: PM:01:25:08/06/2024 ‌
کرێکارانی ئێران لە دۆخێکی خراپدا دەژین و ئەمساڵ تەنیا دوو ملیۆن تمەن بۆ ئەو کرێکارانە زیاد کراوە کە کەمترین مووچەیان هەیە و بەم هۆیەوە مووچەکەیان گەیشتووەتە 11 ملیۆن تمەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی نرخی هەر دۆلارێک نزیکەی 60 هەزار تمەنە ئەو مووچەیە بەهای کەمتر لە 200 دۆلاری هەیە.

کرێکارێکی خانەنشین  کە کە زیاتر لە 33 ساڵ پارەی بیمەی داوە دەگاتە 10 ملیۆن تمەن و هەرچەندە بانگەشەیەکی زۆر کرا مووچەی هیچ کرێکارێکی خانەنشینیش لە 11 ملیۆن کەمتر نەبێ بەڵام ئەمە بەدی نەهات.

خراپیی دۆخی ژیان  و گوزەران لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئەولەویەت خۆراک و تێربوونی سکی برسییە بەتایبەتی بۆ کرێکاران کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو بووەتە خەیاڵ. 

ساڵانە هەر تاکێکی ئێران حەوت کیلۆگرام گۆشت دەخوات و ئەم ئامارە هی ساڵی رابردووە و  بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر 600 گرام کەمی کردووە.

بەگوێرەی ''ئیقتساد 24''، ئەو ئامارەی ئاماژەی پێکرا تێکڕای ناوەندی ئامارە ئەگەرنا کرێکاران ساڵانە زۆر کەمتر لە حەوت کیلۆگرام گۆشت دەخۆن.

گۆشت و مریشک لەسەر خوانی خێزانەکان کەمی کردووە
خۆراکە سەرەکییەکانی وەک گۆشت و مریشک لەسەر خوانی خێزانەکان کەمی کردووە و پەتاتە و سۆیا و هەندێک خۆراکی تر شوێنی ئەوانی گرتووەتەوە.

بەدخۆراکی دەرهاویشتەی خراپی بۆ تەندروستیی کۆمەڵگە هەبووە و هەندێک نەخۆشی پەرەیان سەندووە کە پێوەندیدارن بە کەمیی خۆراک.

سزاکانی ئەمەریکا لە لایەک و گەندەڵی و خەرجکردنی زۆربەی داهاتی وڵات بۆ مەبەستی سەربازی و پەرەپێدانی چەک و یارمەتیدانی گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە و خراپیی کارگێڕیی دەسەڵات بە گرنگترین هۆکاری ئەو دۆخە هەژمار دەکرێن.



وشە - سلێمان تاشان