هێشتا نرخی دۆلار لە بازاڕ هەڵبەز و دابەزین دەكات، سەرۆكی یەكێك لە ژوورە بازرگانییەكان هۆكارەكەی روون دەكاتەوە، شارەزایەكی ئابووریش دەڵێت چەند گۆڕانكارییەكی ناوخۆیی و دەرەكی هەن كار دەكەنە سەر نرخی دۆلار لە بازاڕ، بەتایبەتی لایەنی سیاسی، بەڵام تا ئێستە گۆڕانكارییەكە لە سنوورێكی ئاساییە و جێی نیگەرانی نییە.
عەلی دوای، مامۆستای ئابووری لە زانكۆی دیالە دەڵێت، هەڵكشانی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان لە ماوەی 48 سعاتی دوایی جێی نیگەرانی نییە، ئەو هەڵبەز و دابەزینە لە سنووری دوو دۆلار دەمێنێتەوە، بەپێی پێشبینییەكانمان ئەو گۆڕانكارییە لەناو بازنەیەكی دیاریكراودا دەبێت، چەند هۆكارێكی دەرەكی و ناوخۆیی كار دەكەنە سەر بازاڕەكانی عێراق، بەتایبەتی لایەنی سیاسی.
روونی كردەوە، رازیبوون بە رۆیشتنی نێردەی یۆنامی لە عێراق، هەستێكی وای دروست كردە كە بەغدا لەژێر راسپاردەی نێودەوڵەتی دێتە دەرەوە، ئەوەش متمانە بە دینار زیاتر دەكات، جیا لەوەی سیاسەتەكانی بانكی ناوەندی كاریگەری هەیە، بەڵام هێشتا نرخی دۆلار لە سنوورێكی دیاریكراودا هەڵكشان و داكشان دەكات، دوور لەو گۆڕانكارییە گەورەی بەر لە چەند مانگێك هەبوو و زیانی گەورەی بە چینی هەژار گەیاند.
لە ماوەی دوو رۆژی راردوو نرخی دۆلار كەمێك بەرز بووەوە، شارەزایانی ئابووری هۆكارەكەیان بۆ زیادبوونی خواست بەهۆی پشووەكان و جەژن و گەشتی هاووڵاتییان گەڕاندەوە، محەمەد تەمیمی، سەرۆكی ژووری بازرگانیی دیالە دەڵێت، ماوەی 72 سعاتە نرخی دۆلار هەڵكشانێكی كەمی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش نیگەرانی لەوە دروست كردووە ببێتە سەرەتایەك بۆ هەڵكشانی نرخی دۆلار و جارێكی تر شكاندنی سنووری 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار.
روونی كردەوە، پەسندكردنی خشتەكانی بودجەی 2024 و خەرجكردنی پارەی پڕۆژەكان و بانگەشەی مامەڵەكارانی بازاڕ و بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناراست لە بازاڕ، هەموو ئەوانە نیگەرانییان دروست كرد و وایان كرد نرخی دۆلار هەڵبكشێت، نرخی دۆلار لە بازاڕ جێگیر نییە و لە رۆژانی داهاتوو روون دەبێتەوە ئاراستەكە بەرەو هەڵكشانی زیاترە یان بەرەو دابەزین و ئاساییبوونەوە.