ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، پێویستە لێپرسینەوە لە حكوومەت و بانكی ناوەندی دەست پێ بكات بەهۆی ئەوەی شكستیان هێناوە لە رێگریكردن لە دابەزینی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار و جیاوازییەكی زۆریش لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕەكاندا هەیە، هۆكارەكەیشی گەڕاندەوە بۆ شكستی حكوومەتی عێراق لەبەرانبەر ئەمەریكا بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران و سووریا.
ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووزی 2024، رائید مالیكی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، شكستی حكوومەت و بانكی ناوەندی بووەتە هۆی نزمبوونەوەی نرخی دینار و بەمەیش بووەتە هۆی ئاریشەیەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان.
ئەم ئەندامەی لیژنەی دارایی هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک، كە گرنگترینیان بریتییە لە شكستهێنانی حكوومەتی عێراق و دیارنەبوونی هەڵوێستی سیاسیی وڵاتەكە بەرانبەر ئەو وڵاتانەی كە دۆلار دەكێشنەوە، بەوپێیەی نەیتوانی لەگەڵ ئەمەریكا بگەنە رێككەوتن لەسەر چۆنییەتی مامەڵە لەگەڵ ئێران و سووریا.
بەپێی قسەكانی مالیكی یەكێكی تر لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بریتییە لە نەبوونی توانای عێراق و شكستهێنانی لە كۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكان و بازرگانیی نایاسایی و نافەرمی، كە ئەمەیش كاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر یەكانگیریی سیاسەتی گومرگی.
بەپێی قسەكانی ئەم ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، یەكێكی تر لە شكستەكانی حكوومەت و بانكی ناوەندیی عێراقی بریتییە لەوەی نەیانتوانییوە كێشەی نرخ لە دراوە بیانییەكاندا چارەسەر بكەن لەگەڵ بانكەكان، بە جۆرێك بانكەكان دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانكی ناوەندی دەكڕن بە نرخی فەرمی و بە نرخێكی بەرزتر لە بازاڕەکان دەیفرۆشنەوە بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەكی یاساییان بەرانبەر بكرێت.
چارەسەركردنی بازرگانە بچووكەكان یەكێكی ترە لەو شكستانەی حكوومەتی عێراق كە نەیتوانییوە كۆنتڕۆڵیان بكات، كە ژمارەیان نزیكەی 400 هەزار بازرگان دەبێت، بە جۆرێك لە بازاڕەكاندا دۆلار بە نرخی نافەرمی دەكڕن بۆ خۆدزینەوە لە باج و رسوومات.