دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رای گەیاند دەستیان بە پرۆسەی وردبینیکردنی میلاک و مووچەی فەرمانبەرانی شارستانیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان کردووە و ئاماژەیشی كردووە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم كارەكە ئەنجام دەدەن.
ئەمشەو 10ی تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیدا هاتووە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و تەواوکردنی پابەندییەکانیان بەو شێوەی كە لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 هاتووە، دەستمان كردووە بە پڕۆسەی وردبینیکردنی میلاک و مووچەی فەرمانبەرانی شارستانیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا ئاماژە دراوە كە تیمێکی چاودێری دارایی لە ڕۆژی چوارشەم 10ی تەمووزی 2024، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە کاری چاودێری و وردبینیکردنی میلاک و مووچەی سەربازیی و شارستانی لە هەرێمی کوردستان.
زیاتر هاتووە كە لەم پێناوەدا دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی تا ئێستە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ دامودەزگا پێوەندارەكانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بە مەبەستی سەرخستنی ئەو پرۆسە ئەنجام داوە.