بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بڕیار درا كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی كۆمپانیاكانی تری عێراق سوودمەند بن لە پێدانی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی.
ئەمشەو 11ی تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدا كە وێنەیەك لە نووسراوی بانكی ناوەندیی هاوپێچ كردووە و ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، تێیدا هاتووە كە بەپێی نووسراوی فەرمیی بانكی ناوەندی لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان، ماوەی دەمجكردنی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو چەند رۆژێكی تر درێژ كرایەوە.
وەك وەزارەتەكە پاڵپشت بە نووسراوی بانكی ناوەندی روونی كردووەتەوە، بڕیار درا كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی كۆمپانیاكانی تری عێراق سوودمەند بن لە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی و بانكی ناوەندی.
لەگەڵ راگەیەنراوەكەدا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاگەدارییەكی بۆ كۆمپانییاكان بڵاو كردووەتەوە و لە ئاگادارییەكەدا هاتووە، ئاگاداری کۆمپانیاکانی بواری بانکی دەکەین ماوەی "الاندماج" تاکو 2024/7/31 درێژکراوەتەوە بۆ تەواوکردنی رێکاری "دەمج"کردنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە ئەمە دوا دەرفەتە و دوای ئەم رێکەوتە بەهیچ جۆرێک درێژناکرێتەوە.