هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی لیستی مووچە مانگی حەوت دەنێرێتە بەغدا

:: AM:09:56:17/07/2024 ‌
دوای زیاتر لە سێ مانگ، توانرا كێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی كوردستان چارەسەر بكرێت و چاوەڕوان دەكرێت حكوومەتی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی تەمووزیش بۆ بەغدا بنێرێت.

وەزارەتی دارایی دووپاتی كردەوە، بەشی زۆری وردبینیی لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەواو بووە. 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، "مانگانە ئەو لیستی مووچەیەی كە بۆ دارایی فیدراڵ دەنێرێت و پێكهاتووە لە لیستی مووچە بە سی دی و كاغەز، ئێستە هەردوو لیستەكە خەریكە ئامادە دەبن و بە ئەگەرێكی زۆر سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستەكە دەنێرین.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی سێی تەمووزی 2024 دووپاتی كردەوە و رای گەیاند، "پێویستە وەزارەتەكان لە 10 ڕۆژی یەكەمی هەموو مانگێك، ناردنی لیستی مووچە و پێداچوونەوەی مانگانە تەواو بكەن و بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن، تا هیچ بیانوویەك نەمێنێت و چیتر مووچەی فەرمنانبەرانی كوردستان دوا نەكەوێت.

پێشتریش وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی بۆ سەرجەم وەزارەتەكان كردووە و تێیدا داوایان لێ دەكات پێش 10 هەموو مانگێك، لیستی مووچەكانتان ئامادە بكەن تا لە 10ی هەموو مانگێكدا بینێرینە بەغدا، بەڵام مانگەكانی پێشوو ئەم مانگەش تا ئێستە وەزارەتەكان نەیانتوانیوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەن.

سەرچاوەكەی دارایی لەبارەی درەنگكەوتنی لیستی وەزارەتەكان بۆ وەزارەتی دارایی گوتی، مانگانە لیستەكە دەستكاری دەكرێت و دیوانی چاودێری هەرێمی و بەغداش تێبینییان هەیە، بۆیە بەردەوام هەموو مانگێك ئەو لیستانە رێكدەخرێنەوە، ئەمەش كاری وردی پێویستە و كاتی زیاتر لەو وادەیە دەبات، بەڵام ئەمە بۆ مانگەكانی داهاتوو ئەو كێشانە كەمتر دەبنەوە، وەزارەتی داهاتوو دەتوانێت هەموو مانگێك لە ناوەڕاستی مانگەكەوە لیستی خۆی بۆ دارایی فیدراڵ بنێرێت.

د. محەمەد زراری بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "مانگانە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزە تەناهییەكان، لای ئێمە وردبینی دەكرێت و پاشان بۆ بەغدا دەنێرێت."




وشە - سۆران عەزیز