حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دەستیان كردووە بە هەناردەی پەتاتە بۆ ئیمارات، ئەمساڵ 100 هەزار تۆن پەتاتە هەناردە دەكرێت.
هەناردەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە بەهۆی پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەمساڵیش بڕی 100 هەزار تۆن پەتاتە هەناردە دەكرێت.
ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەكەم زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودیە كرا.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێنرێن، كوالێتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وایكردووە لە وڵاتانی كەنداو خواستێكی زۆری لەسەر بێت.
ڕۆژی پێنجشەم 18ی تەمووزی 2024، لە ڕێوەڕەسمێكدا بۆ جاری یەكەم، نزیكەی 10 هەزار كارتۆن چپسی پەتاتەی هەرێمی كوردستان كە لە كارگەیەكی شارۆچكەی قوشتەپە بەرهەم هێنرابوو، هەناردەی سعوودیە و ئوردن كرا.
زیاتر لە 400 كرێكار لەو كارگەیەی قوشتەپە كار دەكەن كە 75%ـی دەستی كاری ناوخۆن و بە بەردەوامیش دەرفەتی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت. هاوكات لە 60%ـی كارمەندانی كارگەكە لە ڕەگەزی مێن و دەرفەتیان لەلایەن قایمقامییەتی قوشتەپەوە بۆ ڕەخسێنراوە كار بكەن.
ساڵانە لەسەر ڕووبەری 86,453 دۆنم زەوی، زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئاستی بەرهەمهێنان 900% زیادی كردووە. زۆرترین پەتاتە لە دەشتی ناوكوڕی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆك بەرهەم دەهێنرێت كە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار تۆنە.
لە هەرێمی كوردستان بەگشتی لە یەكی شوباتەوە دەست بە چاندنی پەتاتە دەكرێت تا یەكی ئادار، لە سەرەتای مانگی حوەزیرانیش وەرزی كۆكردنەوە دەست پێ دەكات، هەروەها شێوازی چاندنەكەش ئەوەیە كە دووریی نێوان دوو بنەتۆ 25 سانتیمەترە و قووڵاییەكەشی 20 سانتیمەترە.