عێراق نەوتی كەركووك بە نرخێكی كەم دەداتە ئوردن و لبنان

:: PM:02:06:22/07/2024 ‌
عێراق نەوتی كەركووك بە 16 دۆلار كەمتر لە نرخی برێنت بە ئوردن دەفرۆشێت، پێشتریش بە لبنان و فەلەستین و چەند وڵاتێكی تری عەرەبی بەناوی هاوكارییەوە، نەوتی بەنرخی كەم پێ داون.

لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا عێراق بڕیاری دا، بەناوی هاوكاری نەوت بە ئوردن و لبنان بەنرخێكی كەم بفرۆشێت، بەشێك لەو پارەیەی لە نەوتیش دەستی دەكەوت، بۆ هاوكاریی فەلەستین تەرخانی دەكرد.

 لە تازەترین ڕێككەوتنیشیدا عێراق بڕیاری دا، نەوت بە 16 دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی دنیا بە ئوردن بفرۆشێت، ئەو نەوتەش بەڕێی تانكەر لە كەركووكەوە بگوازرێتەوە و پارەی تێچوونە رێیەشی عێراق دەیدات.

ساڵح خەرابشە وەزیری وزە و سامانە كانزاكانی ئوردن ڕای گەیاند، عێراق ڕازی بووە بە درێژكردنەوەی یاداشتنامەی لێكگەیشتن بۆ پرۆسێسكردنی نەوتی خاو، كە لە نێوان هەردوو وڵات واژوو كراوە تا 26ـی حوزەیرانی 2025، ئاماژەی بەوەش دا نرخی یەك بەرمیل نەوت 16 دۆلار لە برێنت كەمتر دەبێت.

وەزیری وزە و سامانە كانزاكانی ئوردن ئەوەشی گوتووە، "بەگوێرەی درێژكردنەوەی یاداشتنامەكە، ئوردن دەبێت لە هەر ڕۆژێك 15 هەزار بەرمیل زیاتر هاوردە نەكات، هەروەها نرخەكەشی 16 دۆلار كەمتر دەبێت لە نرخی برێنت، ئەو ڕێژەیەش 10%ی پێداویستییەكانی ئوردن پڕ دەكاتەوە.

ئەو نەوتەی عێراق بەئوردنی دەفرۆشێت، نەوتی كەركووكە و لەڕێی تانكەرەوە هەناردەی دەكات، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆر لە شەقامە سەرەكییەكانی كەركووك تێكبچن و حكوومەتیش هیچ پارەیەك بۆ چاكردنەوەیان تەرخان ناكات.

پێشتریش ڕێككەوتنی نێوان عێراق و لبنان لەبارەی دابینكردنی نەوت لە بەرانبەر خزمەتگوزاری و بەرهەمە بازرگانییەكان بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژ كرایەوە. بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان بەغدا و بەیرووت، عێراق بۆ ماوەی ساڵێك سووتەمەنی و نەوت بۆ لبنان دابین دەكات كە بڕەكەی دوو ملیۆن تۆن نەوتی خاو بۆ دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای سەربە وەزارەتی وزەی لبنان دابین دەكرێت.



وشە - سۆران عەزیز