وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق رای گەیاند، گەندەڵی لە عێراقدا گەیشتووەتە سەتان ملیار دۆلار و ئەو گەندەڵانەش زیاتر كەسانێكن لەناو پلەباڵاكاندان، "زیاتر لە 35 بەرپرسی گەورە هەن كە سەرمایەكەیان سەرووی ملیارێك دۆلارە".
هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق، لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقیە" ڕای گەیاند، گەندەڵی لە عێراقدا گۆڕاوە بۆ پیشەسازییەكی كردەنی و چارەسەریشی ئەستەمە، چونكە سەرە گەورەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقن. تا ئەو سەرانەش چارەسەر نەكرێن، ئەستەمە گەندەڵی كەم بكرێتەوە.
هۆشیار زێباری پشتڕاستی كردەوە، گەندەڵكاران زۆرینەیان لەبەرگی سیاسی دەدەكەون، ئەگەرنا خۆیان لە بنەمادا بازرگانن، ئەوانە هەموو رێیەكیان هەیە بۆ ئەوەی گەندەڵتربن.
زێباری ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "بەپێی لێدوانێكی د. عەلی عەلاوی وەزیری پێشتری دارایی، بە ملیاران دۆلار گەندەڵی كراوە و زۆربەی ئەو گەندەڵییانەش لەلای كەسە باڵاكانەوە كراون، بەجۆرێك زیاتر لە 35 سیاسی لە عێراقدا سامانیان یەك ملیار دۆلار تێدەپەڕێت و ئەم كەسانەش ناسراون و ناوەكانیان ناسراوە، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بەرێكاری كرداری هەیە، بەتایبەت لێپرسینەوە و بانگهێشتكردنی كەسانی باڵا، كە ئەوەش لەئێستەی عێراقدا ئەستەمە".
لە 18ی تشرینی یەكەمی 2014 هۆشیار بوو بە وەزیری دارایی عێراق ، تا لە 21ی ئەیلوولی 2016 لە پۆستەكەی مایەوە، دواتریش رای گەیاند، بە هۆی ئەوەی دەستم بردووە بۆ مەلەفی گەندەڵی بەرپرسان، لایانداوم.