ساڵ به ساڵ به‌رهه‌می فستق و زه‌ویی داچێنراو به فستق له هه‌رێمی كوردستان له زیادبووندایه، باخه‌وانان گرنگی به به‌رهه‌مهێنانی ده‌ده‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی گرانبه‌هایه و چه‌ند ساڵێكی پێویسته تا پێ ده‌گات، هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه و ئێسته چه‌ندان باخی فستق هه‌ن كه ساڵانه به‌رهه‌میان هه‌یه.
به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی كه ده‌ستی "وشه" كه‌وتوون، له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 300 دۆنم زه‌وی به فستق چێنراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به سه‌تان دۆنم زه‌وی كراوه به فستق، به‌ڵام به فه‌رمی تۆمار نه‌كراوه، هه‌ر باخێكی فستق پێویستی به حه‌وت بۆ 10 ساڵ هه‌یه تا ده‌گاته به‌رهه‌م، به‌پێی ئاماره‌كان به‌رهه‌می ساڵانه‌ی فستق له هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته 100 تۆ‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش له ناوخۆی هه‌رێم ساغ ده‌كرێته‌وه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی داهات بۆ ئه‌وانه‌ی كه باخی فستقیان هه‌یه و له بواره‌كه كار ده‌كه‌ن.
داری فستق پێچه‌وانه‌ی داره‌كانی تر به هێشوو ده‌یگرێت و هه‌ر دارێك ده‌توانێت چه‌ند كیلۆیه‌ك له فستق بدات، هه‌روه‌ها دوای ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی ده‌گاته به‌رهه‌م و به‌رهه‌مێكی زۆرباشی هه‌یه، ده‌توانێت تا ته‌مه‌نی 100 ساڵی به‌رهه‌م بدات، به‌رزییه‌كه‌ی له چوار مه‌تر بۆ 10 مه‌تر ده‌بێت، له‌و دارانه‌یه كه دوو جۆر ره‌گه‌زی هه‌یه و نێر و مێ، پشت به موتوربه‌كردن ده‌به‌ستێت و داره مێیه‌كان به‌رهه‌می فستقیان هه‌یه.
سه‌ڵاح قه‌شانی خاوه‌نی نه‌مامگه‌ی فستقی قه‌شان، به "وشه"ی راگه‌یاند، داری فستق و كاركردن له‌و بواره بۆ هه‌رێمی كوردستان شتێكی نوێیه، چه‌ند ساڵێكی كه‌مه باخه‌وانانی هه‌رێمی كوردستان روویان له چاندن و به‌رهه‌می فستق كردووه، هه‌نگاوێكی نوێ و گرنگه كه ئێسته كاری تێدا ده‌كرێت، خه‌ڵكێكی زۆر رووی له چاندنی فستق و باخی فستق كردووه، به‌رهه‌مه‌كه كه گه‌یشته به‌ر داهاتێكی زۆرباشی هه‌یه، له سنووری پارێزگای سلێمانی چه‌ندان باخی فستق هه‌یه به‌رهه‌می ساڵانه‌یان ده‌گاته تۆنێك.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه له بواری به‌رهه‌م و چاندنی فستق، به دڵنیاییه‌وه له 15 ساڵی داهاتوودا كوردستان له‌و به‌رهه‌مه زۆر پێش ده‌كه‌وێت و به‌رهه‌می زۆر زیاد ده‌كات و داری فستقیش زۆر ده‌بێت، باخه‌كانی فستق پێده‌گه‌ن و ده‌گه‌نه به‌رهه‌م و كوردستان ده‌توانێت ببێته به‌رهه‌مهێنه‌ری فستق، نه‌مامگه‌كه‌مان ساڵانه له توانایدا هه‌یه ساڵانه هه‌زاران نه‌مامی فستق به‌رهه‌م بهێنێت، ساڵ به ساڵ خواست له‌سه‌ر نه‌مامی فستق زیاتر ده‌بێت و خه‌ڵك روو له چاندنی ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌كه‌ن.
داری فستق ساڵانێكی زۆری ده‌وێت بگاته به‌رهه‌م
زیاتر گوتی، باخی فستق هه‌یه له سنووری سلێمانی هه‌زار داره و له به‌رهه‌مدایه، چه‌ندان باخی نوێش هه‌ن كه به فستق داچێنراون و له ساڵانی داهاتوودا ده‌گه‌نه به‌رهه‌م، چونكه داری فستق ساڵانێكی زۆری ده‌وێت بگاته به‌رهه‌م، دارمان موتوربه كردووه و له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌و جۆره نه‌كراوه و زۆر پێشكه‌وتووه، كه‌س هه‌یه ته‌نیا حه‌وت داری هه‌یه و ساڵانه به به‌های زیاتر له دوو ملیۆن دینار فستق ده‌فرۆشێت، جا ئه‌گه‌ر باخێك دوو بۆ سێ دۆنم بێت و بگاته به‌رهه‌م.
لاوه‌ند سه‌ڵاح خاوه‌نی باخ، به "وشه"ی راگه‌یاند، خه‌ڵك به‌ته‌واوی ناوێرێت باخی فستق بچێنێت، چونكه كه‌سی شاره‌زا نییه، كێشه‌كه موتوربه‌كردنه، ئه‌گه‌ر ئه‌و موتوربه‌ش نه‌بێت سه‌ركه‌وتوو نابێت، داره‌كه دوو ره‌گه‌زه، مێ و نێر، ته‌نیا مێیه‌كان به‌رهه‌م ده‌ده‌ن، بۆ هه‌ر نۆ داری مێ، دارێكی نێری ده‌وێت، ئه‌مه زۆر سه‌ركه‌وتووه، هه‌روه‌ها پێویسته ره‌چاوی ئاراسته‌ی با بكرێت له كاتی چاندنی نه‌مامه‌كه.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، له سنووری سلێمانی له شارباژێر و سیته‌ك باخی فستقی زۆری لێیه، نێوانی دوو دار ده‌بێت سێ مه‌تر بێت، هه‌روه‌ها نێوانی ریزه‌كان چوار مه‌تر بێت، ده‌بێت حیسابی داهاتوو بكرێت چونكه داره‌كه زۆر گه‌وره ده‌بێت له داهاتوو، دار هه‌یه ساڵانه 10 كیلۆ به‌رهه‌م ده‌دات، فستق له دوای 10 ساڵ ده‌تكا به خاوه‌نی ئابوورییه‌كی زۆرباش، فستق و قه‌زوان یه‌ك خێزانن، فستق به‌رگه‌ی بێ ئاوی ده‌گرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستی به ئاودان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئاو نه‌درێت ناوكی نابێت، ''ئه‌كبه‌ری ئه‌حمه‌دی'' جۆری باشی فستقه و ده‌نك گه‌وره‌یه، ئه‌و جۆره له بازاڕ به‌خێرایی ساغ ده‌بێته‌وه، بازرگانه‌كان و كارگه‌كانی شیرینی ده‌یكڕن، كیلۆی 12 بۆ 15 هه‌زار دینار ده‌كات له بازاڕ، ئه‌وه‌ی باخی هه‌بێت و گه‌یشتبێته به‌رهه‌م، زێڕی سه‌وزه و ساڵانه قازانجێكی زۆر ده‌دات، باخه‌كه‌م 150 داری لێیه، به‌شێكی ترمان موتوربه كردووه ئه‌مساڵ 200 داری لێیه، واته تێكڕا 350 دار له باخه‌كه‌مان هه‌یه.
هاوکات جه‌لیل شه‌مسه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌ن باخه‌كانی فستق هیچ پێوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئێمه نییه، به‌رهه‌می ساڵانه نازانن ده‌گاته چه‌ند، به‌ڵام زه‌وییه‌كی فراوان له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری به فستق داچێنراوه، له پێنج ساڵییه‌وه به‌رهه‌م ده‌دات تا بمێنێ، ئه‌و فستقه ده‌توانێ له هه‌موو كه‌شوهه‌وایه‌كدا خۆی بگونجێنێت له گه‌رمیانه‌وه تا كوێستان، له سنووری سلێمانیش له هه‌موو ناوچه‌كان باخی فستق هه‌یه و باخیش هه‌یه گه‌یشتووه‌ته به‌رهه‌م و ساڵانه به‌رهه‌می هه‌یه، به‌ڵام چونكه به فه‌رمی لای ئێمه تۆمار نه‌كراون، ئاگاداری به‌رهه‌میان نین، ئه‌و فستقه‌ی كه له ناوخۆ به‌رهه‌م دێت، هه‌ر له ناوخۆ ساغ ده‌كرێته‌وه، چونكه له پێویستی ناوخۆ كه‌متره.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی