نرخی خۆراك هێشتا گرانتر دەبێت

:: PM:04:26:08/11/2024 ‌

بەپێی داتای ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (فاو) نرخی جیهانیی خۆراك لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست كە ماوەی 18 مانگە بەو جۆرە نەبووە، لە پێش هەمووشیانەوە، نرخی زەیتی ڕووەكی بە پلەی یەكەم.

ئەمڕۆ هەینی، هەشتی ترشینی دووەم، ڕێكخراوی فاو لە ڕاپۆرتەكەیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو ئەو خۆراكانەی لەسەر ئاستی جیهاندا زۆر بەكار دێن، لە مانگی ئۆكتۆبەردا گەیشتووەتە 127.4 خاڵ، لە كاتێكدا مانگی پێشتر 124.9 خاڵ بووە، ئەمەش واتە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 5.5% زیادی كردووە كە بەرزترین ئاستە لەوەتەی مانگی نیسانی 2023 تا ئێستە، ئەمەش نزیكی دەكاتەوە لەو ئاستە زۆر خراپەی كە ساڵی 2022 لەگەل هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا جیهان بەخۆیەوە بینی.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، جگە لە گۆشت، نرخی هەموو خۆراكەكانی تر بەرز بوونەتەوە، بە تایبەتی نرخی زەیتی ڕووەكی كە بە ڕێژەی حەوت لە سەت بە بەراورد بە مانگی پێشوو زیادی كردووە.

ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان مەترسیی ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە بە ڕێژەی جیاواز لەسەر ئاستی جیهاندا نرخەكانی خۆراك هێشتا بەرزتر دەبنەوە، بە تایبەتی نرخی شەكری بەرهەمهاتووی بڕازیل و نرخی گەنم و جۆ و دانەوێڵەش بە گشتی.



وشە - وشه‌