په‌رله‌مانتارێك: یه‌كێتی له‌ دژایه‌تیكردنی ھه‌ژماری من ته‌نیا شه‌رمه‌زاریی بۆ ماوه‌ته‌وه‌

:: PM:01:58:09/11/2024 ‌
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گه‌یاند، پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من یاسایی و بێ گرفته‌ و ھیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ته‌وتین نییه‌، ئه‌گه‌ر گرفتی ھه‌بێت بانكه‌ عێراقییه‌كان به‌شداریی تێدا ناكه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتی ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی حكوومه‌ت و پارتییه‌ دژایه‌تیی ده‌كات، به‌ڵام شكستیان ھێناوه‌ و ته‌نیا شه‌رمه‌زارییان بۆ ماوه‌ته‌وه‌.

مۆفه‌ق شێخ شه‌ھاب ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشه‌" گوتی، پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ یاسایی و بێ گرفت بووه‌ و ئه‌وانه‌ی دژایه‌تیی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ھه‌ر كارێكی باش حكوومه‌ت و پارتی بیكات، دژایه‌تیی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستانیشدا بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ دژایه‌تیی حكوومه‌ت و پارتی بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ھه‌ژماری من گرفتی نییه‌ و ئه‌گه‌ر گرفتی ھه‌بێت، ''تی بی ئای'' كه‌ بانكێكی عێراقییه‌ نایه‌ته‌ ناو پڕۆژه‌كه‌ و ھیچ جیاوازی له‌گه‌ڵ بانكه‌ عێراقییه‌كان نییه‌ ئه‌وانه‌ی له‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌شدارن .

ئه‌و گوتیشی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر ھه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك بكات، به‌ وردی ده‌یكات و ھه‌ڵه‌ی تێدا ناكرێت و یه‌كێتی به‌ئاشكرا دژایه‌تیی ده‌كرد، ئێسته‌ ته‌نیا شه‌رمه‌زاری بۆ ماوه‌ته‌وه‌، ئێسته‌یش شكسته‌كه‌یان له‌ میدیا باس ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا پڕۆژه‌كه‌ شوێنی خۆی گرتووه‌ و زۆر به‌ رێكوپێكی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ ده‌چن، حكوومه‌تی عێراقیش پێی رازییه‌ و ھیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌، ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ ته‌نیا یه‌كێتی دژایه‌تیی ده‌كات و ئه‌وانیش ھه‌وڵه‌كانیان بێ ئه‌نجام ده‌بێت .

شێخ شه‌ھاب باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌وانه‌ پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ھه‌ژماری من ھیچ ئیمتیازێكی نییه‌ و له‌ بانكه‌كانی عێراق ھه‌یه‌ له‌ ته‌وتین به‌شدارن ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌، ھیچ جیاوازی نییه‌ ھه‌رچی ئیمتیاز ھه‌بێت له‌ ته‌وتین، له‌ ھه‌ژماری منیش ھه‌یه‌، بۆیه‌ یه‌كێتی ھه‌ڵسان سكاڵایان تۆمار كرد كه‌ ئه‌ویش بێ ئه‌نجام بوو و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، چونكه‌ پڕۆژه‌كه‌ عێراق خۆی پێی رازییه‌، ناتوانن ئه‌وانیش گرفتی بۆ دروست بكه‌ن، ئێسته‌ پڕۆژه‌كه‌ ھه‌نگاوی زۆری بڕیوه‌ و كه‌می ماوه‌، بۆیه‌ تازه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تۆمار كردووه‌ و كه‌س ناتوانێت رێگریی لێ بكات.

هه‌ولێر\بڵند ئیبراھیم



وشە - تایبه‌ت