جووتیارانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین: كێشه‌ی‌ ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌یه‌

:: PM:04:20:09/11/2024 ‌
ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی ڕاپه‌ڕین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ گونجاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی كاری كشتوكاڵی و زه‌وییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌ به‌رفراوانی بۆ كشتوكاڵ داچێنراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جووتیاران نایشارنه‌وه‌ گرفتی ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌موو نۆی تشرینی‌ دووه‌م، عومه‌ر عه‌لی یه‌كێكه‌ له‌و جووتیارانه‌ی سنووری ڕاپه‌ڕین كه‌ زه‌وییه‌كی زۆری به‌ به‌رهه‌می كونجی داچاندووه‌ له‌ سنووری ڕاپه‌ڕین، بۆ "وشه‌" گوتی، ئه‌مساڵیش هاوشێوه‌ی ساڵی پێشوو به‌رهه‌می كونجی له‌م سنووره‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌م هێنراوه‌، به‌شی پێداویستی ناوخۆش له‌و سنووره‌ پڕ ده‌كاته‌وه‌ له‌ بازاڕدا، به‌ڵام بۆمان ساغ نابێته‌وه‌، یان ده‌بێت به‌ نرخێكی كه‌متر له‌وه‌ی تێیدا خه‌رجمان كردووه‌ و له‌ بازاڕ بیفرۆشینه‌وه‌.

له‌باره‌ی هۆكاری ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می جووتیاران له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین، ئه‌و جووتیاره‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ هاورده‌كردنی به‌رهه‌می هاورده‌ گه‌ڕانده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌رهه‌می كونجی ئه‌مساڵ زیاتر له‌ پێویستیی ناوخۆ له‌ سنووره‌كه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌ و كونجی هاورده‌ش ڕێگریی لێ ناكرێت له‌ داخلكردنی له‌ گومرگه‌وه‌، بۆیه‌ كونجیی ناوخۆ ساغ نابێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كونجییان به‌رهه‌م هێناوه‌ گشتیان له‌ زیاندان.

ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا، به‌رهه‌می هاورده‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ ناوخۆ به‌ڕێژه‌ی پێویست به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، نیگه‌رانیی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان خوازیارن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر پاڵپشتیی جووتیاران بێت له‌ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان، ئه‌وه‌ش به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هاوردانه‌ی له‌ ناوخۆ به‌ بڕی پێویست به‌رهه‌م ده‌هێنرێن له‌لایه‌ن جووتیارانه‌وه‌.

ڕاپه‌ڕین/ هێمن عه‌بدوڵا




وشە - وشه‌