پێشمەرگەیەك تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بووە و هاوكاریش ناكرێ

:: PM:12:12:24/05/2017 ‌

"هابی بێزەڵی" پێشمەرگەیەكی زێرەڤانی، پاش ئەوەی لەگەڵ چەند هاوسەنگەرێكی دەكەوێتە بۆسەیەكی داعشەوە، چەند رۆژێك دەمێننەوە و لەو ماوەیەدا لە تینویەتی و برسێتیدا خواردنی نەشیاو و ئاوی پیس دەخۆنەوە، ئەو رزگار دەبێت، بەڵام بەهۆی خواردن و خواردنەوە پیسەكەوە تووشی شێرپەنجە بووە و كەسوكارەكەی گلەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن كە هاوكارییان نەكردووە.

پێش دوو ساڵ هابی حوسێن بێزەڵی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوسەنگەرەكانی دەكەونە بۆسەیەكی داعشەوە، ئەوان ناتوانن راستەوخۆ دەرباز ببن و ماوەی چەند رۆژێك گیر دەخۆن و دەمێننەوە، هاوڕێكانی باسی ئەوە دەكەن كە هابی تەواو برسی و تینوو بووە و بەو هۆیەوە خواردنی نەشیاو و ئاوی پیسی خواردووەتەوە، لە كۆتادا ئەوان خۆیان رزگار دەكەن و بۆ سەنگەرەكانیان دەگەڕێنەوە، بەڵام ئیتر هابی تووشی نەخۆشییەكی كوشندە دەبێت و تا ئێستەش لەسەرجێ‌ كەوتووە.

بێوار رێكانی برازای ئەو پێشمەرگەیە، بە"وشە"ی راگەیاند، "هابی و هاوڕێ پێشمەرگەكانی چەند رۆژێك لەلایەن داعشەوە گەمارۆ دران، بەڵام توانییان گەمارۆكە بشكێنن و خۆیان رزگار بكەن، لەو شوێنەی ماونەتەوە، خواردنی نەشیاو و ئاوی پیسی خواردووەتەوە و بەوەش تووشی نەخۆشی بووە و ئێستە بووەتە شەهیدێكی زیندوو".

كەسوكاری هابی سەردانی نەخۆشخانەكانی كوردستانیان كردووە و لەسەر ئەركی خۆشیان بۆ نەخۆشخانەكانی ئێرانیان گواستووەتەوە، بەڵام پزیشكان پێیان راگەیاندوون كە ئەو خواردن و خواردنەوە پیس و نەشیاوە كاریگەری كوشندەی لەسەر تەواوی جەستەی بەتایبەت گەدە و ریخۆڵەكانی داناوە.

هابی لە ئێران دووجار نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام سوودی نەبووە، وەك ئەوەی برازاكەی ئاماژەی بۆ دەكات.
لیوا هاشم سیتەیی فەرماندەی باڵای هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال، بۆ "وشە" ئاماژەیدا، "هابی یەكێك لە پێشمەرگە قارەمان و گیانفیداكانی كوردستانە، ئەو لە زۆربەی میحوەرەكاندا دژی داعش جەنگاوە و ئێمە ئاگەداری هەموو جموجۆڵەكانی بووین، بەداخەوە بەهۆی خواردن و خواردنەوەی نەشیاو لە كاتی گەمارۆدانیاندا تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بووە".

هابی بێزەڵی لە ساڵی 2007 بووەتە پێشمەرگەی زێرەڤانی لە سوپای دوو، ساڵی 2009 بۆ لیوای تایبەتی پ‌ولیسی هەولێر دەگوازرێتەوە، كاتێك داعش پەلاماری ناوچەكانی كوردستان دەدات، هابی بۆ ریزەكانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە و لە سەنگەرەكانی پێشەوە دژ بە داعش دەجەنگێت.

برازاكەی ئەو پێشمەرگەیە گلەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پێوەندیدارەكان دەكات بەوەی هیچ هاوكارییەكی مامیان نەكردووە و وەك پێویست بەتەنگییەوە نەهاتوون.

هابی بێزەڵی دوو برای لەماوەی شەڕی داعشدا شەهید بوون، كازم حوسێن بێزەڵی كە ساڵی رابردوو لەلایەن تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ سەربڕا و وێنەكانی بڵاوكرایەوە، یەكێك لە براكانی بوو، ئێستە شەش برای تری لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژ بە داعش دەجەنگن، ئەوان بنەماڵەیەكی پێشمەرگەن.

لیوا هاشم سیتەیی روونی كردەوە، "لەگەڵ نووسینگەی سەرۆك و لایەنە پێوەندیدارەكان لە نزیكەوە لەسەر هێڵین بۆ رزگاركردنی گیانی هابی، بەڵام بەداخەوە پزیشكانی ناوخۆ و ئێران رایدەگەیەنن كە هیچ ئومێدێك بۆ چارەسەركردنی نییە، بەو حاڵەشەوە هەرچییەك لەدەستمان بێت بۆ رزگاركردنی لەو نەخۆشییە دەیكەین، چونكە حكوومەت دووجار قەرزداری ئەو پێشمەرگەیە، جارێك بەهۆی ئەوەی لە پێشمەرگایەتیدا وای بەسەر هاتووە و جارێك لەبەرئەوەی خاوەن دوو برای شەهید و شەش برای پێشمەرگەیە".

هابی حوسێن بیزەڵی جگە لە پێشمەرگایەتی خۆی، مامۆستای مەشق و راهێنان بووە و راهێنانی بە سەتان پێشمەرگە لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان كردووە.

ئەو ئێستە ناتوانێت خواردن بخوات، هەندێك جۆر شەربەتی تایبەت و پسكیت بەكاردێنێت، لەپاڵ بەكارهێنانی دەرمانی پزیشكی و هەفتانەش دەرزییەكی كیمیایی لێدەدرێت كە وەك برازاكەی دەڵێ‌، "تەنیا یەك دانە دەرزی بە 300 دۆلار بۆ دەكڕین كە پێویستە هەموو هەفتەیەك لێی بدرێت، بەڵام ئەو لە مووچەی پێشمەرگایەتی زیاتر داهاتێكی نییە".

ئامێدی/نەوزاد هلۆری











وشە - تایبه‌ت