عەزیز ئەحمەد بۆ مووچەخۆران: بە زووترین كات خۆتان لە "هەژماری من" تۆمار بكەن

:: PM:11:17:19/11/2024 ‌
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە تویتێكدا پێشوازی لە بڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات لەبارەی كارئاسانی حكوومەتی عێراق بۆ بانكە ئەهلییەكان لە پرۆسەی بەبانكیكردن "تەوتین"ی مووچەی مووچەخۆران و داواش لە مووچەخۆران دەكات بە زووترین كات خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار بكەن. 

ئەمڕۆ سێشەم 19ی تشرینی دووەمی 2024، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی كردووەتەوە كە  پێشوازی لە بڕیارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن لە بەرانبەر ئەوەی وه‌زاره‌ت و كۆمپانیاكانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی له‌ حكوومه‌تی عێراق ڕاسپاردووه‌، پێوەندی و هاوكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ بانكه‌ تایبه‌تەکان کە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان هه‌یه‌ به‌هێز بكه‌ن.

بڕیارەكەی سوودانی كە ئاڕاستەی گشت وەزارەت و پارێزگاكان كراوە بریتییە لەوەی كە پێویستە هاریكاری بانكە ئەهلییەكان بكرێت كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە رێگەپێدراون لە پرسی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران. 

لە تویتەكەدا عەزیز ئەحمەد روونی كردووەتەوە كە بڕیاره‌كه‌ی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌، چونكە له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی "هه‌ژماری من" یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ و هاوشێوه‌یە‌ و ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌رده‌خات كه‌ حكوومه‌ت هاوكاریی بانكه‌ تایبەتەکان ده‌كات له‌ به‌بانكیكردنی مووچه‌ی مووچەخۆران.

زیاتر هاتووە ئەم بڕیارەی حکوومەتی عێراق هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشخستنی سیستمی بانکی. 

لە كۆتایی تویتەكەیدا كە لەگەڵ نووسراوەكەی سوودانیدا بڵاوی كردووەتەوە، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەیش كردووە، لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەروەها بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەت پێدراون، لە ناویشیاندا ئەو بانکانەی کە لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەشدارن، داوا لە سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە زووترین کات خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار بکەن.





وشە - پۆڵا مەحموود