شرۆڤه‌كارێكی سیاسی پێی وایه ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق، ئه‌و كه‌سه به‌هێزه نییه بتوانێت یاری به قووتی خه‌ڵكی كوردستان بكات، ئه‌و دۆخه سیستم و سه‌ركرده‌ی شیعه و پیلانی دژه‌هه‌رێمی له پشته و ئه‌و ته‌نیا جێبه‌جێكاره، بۆیه پێویسته سه‌ركردایه‌تیی سیاسی حزبه كوردستانییه‌كان پێكه‌وه یه‌كگرتووانه كار بكه‌ن.
لوقمان پێنجوێنی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، به "وشه"ـی ڕاگه‌یاند، ''ئێمه خۆمان نه‌مانتوانیوه به یه‌كگرتوویی به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی عێراق بوه‌ستینه‌وه، هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌وپێشبردنی كوردستان به‌رده‌وامی پێ بده‌ین، هیچ لایه‌ك نه‌توانێت یاری به قووتی خه‌ڵكی كوردستان بكات، ئێمه ده‌بێت كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و به‌هێز بین به‌رانبه‌ر به لایه‌نه‌كانی عێراقی، بۆیه ده‌بێت گله‌یی له خۆمان بكه‌ین''.
ئه‌و روونی كرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بۆ هه‌لێك ده‌گه‌ڕان كورد لاواز ببێت و له ناوخۆدا خه‌ریك بێت، تا بتوانن پێشكه‌وتنی كوردستان ڕابگرن، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی به‌بارمته‌گرتنی بودجه و مووچه‌ی كوردستان، حكوومه‌تی عێراقی چاوی به پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان هه‌ڵنه‌ده‌هات، ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكرێت جیاوازیی شاره‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق ئاسمان و زه‌وییه.
به‌گوته‌ی پێنجوێنی، له به‌غدا چی ده‌گوزه‌رێت، سه‌ركرده‌ی حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له میدیاوه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، له به‌غدا چاویان به سوودانی كه‌وتووه و مووچه دێت، كه‌چی هه‌مووی موزایه‌ده‌یه و جگه له‌مه هیچی تر نییه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی گوتارێكی یه‌كگرتووه له كوردستان، نه‌یانتوانیوه به‌هێزه‌وه به‌رانبه‌ر نه‌یارانی ده‌ره‌كی بوه‌ستنه‌وه.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، ته‌یف سامی ناتوانێت به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قووتی خه‌ڵكی كوردستان بكات، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی عێراق له پشتیه‌وه نه‌بن، ئه‌وان به‌رنامه‌ی برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان داده‌ڕێژن و ته‌یف سامی جێبه‌جێكاره، پێویسته كورد بكه‌وێته خۆ و زوو په‌رله‌مان چالاك بكات و كابینه‌ی ده‌یه‌م دابمه‌زرێنێت، به یه‌كگرتوویی ڕووبه‌ڕووی هه‌موو پیلانه‌كان ببێته‌وه.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز هه‌ورامی