دوو نوێنه‌ری پێشووی په‌رله‌مانی ئێران، نیگه‌رانیی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌و 30 ملیار دۆلاره ده‌ربڕی كه لای حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د بوو و ده‌بوو بیگه‌ڕێنێته‌وه ئێران، ئێسته دیمه‌شق كه‌وتووه و وا پێده‌چێت پاره‌كه‌ی ئێرانیش بفه‌وتێت.
به‌هرام پارسایی نوێنه‌ری پێشووی په‌رله‌مانی ئێران له پۆستێكدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس كردوویه‌تی نووسیویه‌تی، سووریا 30 ملیار دۆلار به ئێران قه‌رزداره و ئه‌گه‌ر به تمه‌ن به‌هاكه‌ی لێك بدرێته‌وه، ده‌كاته دوو هه‌زار تریلیۆن تمه‌ن، به‌ڵام چاره‌نووسی نادیاره.
هاوكات حیشمه‌توڵا فه‌لاحه‌تپیشه سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایشی نیشتمانیی په‌رله‌مانی ئێران، به‌ر له رووخانی به‌شار ئه‌سه‌د گوتی، جه‌نگی سووریا جه‌نگی خه‌ڵكی ئێران نییه و هێشتا حكوومه‌ت چاره‌نووسی ملیاران دۆلاری یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه، ناكرێ جارێكی تر گیان و ماڵی خه‌ڵك بخرێته مه‌ترسییه‌وه.
ئه‌ویش به‌هاری رابردوو قه‌باره‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ی له‌سه‌ر ئه‌سه‌ده و پێویست بوو بۆ ئێرانی بگه‌ڕێنێته‌وه به 30 ملیار دۆلار راگه‌یاندبوو.
به‌شێك له‌و قه‌رزه پێوه‌ندیی به‌و نه‌وته هه‌بوو سوپای پاسداران بۆ سووریای دابین ده‌كرد. به‌پێی ئاماری كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، ئێران رۆژانه 70 تا 80 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی بۆ سووریا ناردووه كه به‌هاكه‌ی له ساڵێكدا ده‌گه‌یشته دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
پاره و سه‌رمایه‌ی ئێران زیاتر بۆ سووریا و گرووپه چه‌كداره‌كانی حزبوڵا و حه‌ماس و حووسییه‌كان بووه، ساڵانه خه‌ڵكی ئێران خراونه‌ته ژێر پاڵه‌په‌ستۆی دارایی و ژیانیان تاڵتر كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌و گرووپانه خۆشتر ببێت.
هه‌ر له‌مدواییانه‌دا سكرتێری گشتیی نوێی حزبوڵا، ددانی به‌وه نا كه ئێران له به‌یرووت یارمه‌تییه‌كی تری پێشكه‌شی بنه‌ماڵه‌كانی حزبوڵا كردووه و هه‌ر خێزانێك 14 هه‌زار دۆلاری پێ داون.
ئێران به‌ده‌ر له‌و پاره‌یه‌ی كه وه‌ك قه‌رز لای به‌شار ئه‌سه‌د ماوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمه‌كه پێده‌چێت هه‌رگیز وه‌ری نه‌گرێته‌وه، ده‌یان ملیار دۆلاری تری له جه‌نگدا بۆ خه‌رج كردووه.
سلێمان