زۆربەی كارمەندانی كوردسات بێ ئەوەی ئاگەدار بن، بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر و بەشدارن لە سپیكردنەوە و دزینی پارە، لە داهاتوویشدا مەترسیی ئەوەیان لەسەرە كە لەلایەن لیژنەكانی دەسپاكییەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت و دادگایی بكرێن، كە ئاخۆ چۆن بوونەتە خاوەنی ئەم بڕە پارانە؟
چیڕۆكەكە چۆنە؟
ئەمشەو شەموو، 14ی كانوونی یەكەمی 2024، رۆژنامەنووس "هانا چۆمانی" لە ئەكاونتی خۆی بەدواداچوون و بەڵگەنامەیەكی بڵاو كردووەتەوە، كە زۆربەی کارمەندانی کەناڵی کوردسات شۆکبوون کاتێ زانیان ژمارە حیسابەکانیان ملیاران دیناری تێدا بووە و راکێشراوە و گواستراوەتەوە بەبێ ئەوەی ئەوان ئاگەدار بن.
رۆژنامەنووسەكە بڵاوی كردووەتەوە، بەبێ ئاگەدارکردنەوەیان ژمارە حیسابی زیاتر لە 300 کارمەند، بێژەر، پێشکەشکار، پەیامنێر و تەکنیککاری کوردسات بەکارهێنراوە و نزیکەی 700 ملیار دیناری عێراقی، واتە زیاتر لە نیو ملیار دۆلار راکێشراوە و گواستراوەتەوە
"زۆربەی کارمەندانی کوردسات هەژمارە بانکییەکانیان لە (بانکی ئەهلیی عێراقی، مصرف الأهلي العراقي، NBI)یە لەو بانکە بەبێ ئاگاداری ئەوان ئەو پارە زەبەلاحە راکێشراوە و هاتوچۆی پێ کراوە.
لەبارەی میكانیزمی كارەكەوە، رۆژنامەنووسەكە وەڵامی ئەوەی داوەتەوە كە پرۆسەکە چۆن کراوە و ئاماژەی داوە، پارەکە لە بانکی ناوەندیی عێراق گواستراوەتەوە بۆ بانکی رافیدەین و دواتر بۆ سەر هەژمارى زۆربەی کارمەندانی کوردسات لە بانکی ئەهلیی عێراقی و لەوێش بەش بەش و" مەبلەغ مەبلەغ" پارەکە بە کاش راکێشراوە و بەشێکیشی بە ئۆنلاین گواستراوەتەوە.
چۆمانی نووسیوویەتی، بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لای منن، کارمەند هەیە لە ماوەی نزیکی 15 رۆژدا سێ ملیار دیناری عێراقی بەناویەوە راکێشراوە بە چەندان مەبلەغی کاش لە بانکەکە هێنراوەتە دەرەوە بە بڕی 700 ملیۆن، 600 ملیۆن و 400 ملیۆن دینار....هتد.
پارەکەیان چۆن راکێشاوە و گواستۆتەوە؟
هانا چۆمانی باسی لەوە كردوە، بۆ نموونە دوو ملیاریان ناردووەتە سەر هەژمارى (أ) و دواتر بە سێ مەبلەغ 250، 500، 500 ملیۆن دیناریان راکێشاوە، 700 ملیۆنەکەی تریشیان بە ئۆنلاین گواستووەتەوە بۆ هەژمارى (ب) لەوێ 500 ملیۆنیان راکێشاوە و باقیەکەیان لە (ب) ناردووە بۆ هەژمارى (ج) واتا یارییان بە پارەکە کردووە تاوەکو بە ئاسانی دیار نەبێت.
کەی کراوە؟
بەپێی بەڵگەنامەكانی لای ئەو رۆژنامەنووسەیە، زۆربەی ئەو کەشفی بانکانە نێوان سەعات (17:00ی شەو بۆ 23:00)ی شەو کراوە واتا گواستنەوە و راکێشانەکە هەمووی بە شەو بووە، تەنانەت هێند ورد بوونە زۆری لە پشووە فەرمییەکان و رۆژانی هەینی و شەموودا كراوە.
بانک چی دەڵێت؟
دوای گەورەبوونی بابەتەکە بانکەکە ستافێک دەنێرێتە كەناڵی ئاسمانیی کوردسات، لەگەڵ کارمەندان کۆ دەبنەوە و پێیان دەڵێن، ئەوەی رووی داوە "کێشەیەکی بەسیتە" و دڵنیا بن لە داهاتوو کێشەتان بۆ دروست نابێت بە نووسراو ئاگاداریان دەکاتەوە.
لە کۆبوونەوەی کوردسات و نوێنەرانی بانکەکە، کۆمەڵێک کارمەند داوای ئەستۆپاکی دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو ناویان وەک ملیاردێر نەچێتە سیستمی بانکەکان، کەچی بانکەکە زۆر بەسادەیی دەڵێت، "هەرکات ئەستۆپاکیتان ویست وەرن بۆ لامان بۆتان دەکەین".
دێرین لەتیف رەشید لە کوێ بوو؟
بەپێی بەدواداچوونەكانی رۆژنامەنووس هانا چۆمانی، لە کاتی تەقینەوەی کێشەکە دێرین لەتیف کە بەڕێوەبەری کەناڵەکەیە دەچێتە دەرەوەی وڵات، کێشەکە بە بەشی یاسایی دەسپێرێت و دەڵێت، "چارەسەری بکەن، دواتر بابەتەکە لەنێوان بانکەکە و کوردسات چارەسەر دەکرێت و کەیسەکە دادەخرێت".
بەپێی یاساكان، ئەوکارمەندانە چارەنووسیان چی لێ دێت؟
هەر کارمەندێک کە هەژمارەکەى بەکار هاتووە، بە ملیاردێر و ملیۆنێر هەژمار دەکرێت، چونکە پارەکە لەسەر هەژماریان بووە و رایانکێشاوە و جووڵەی کردووە واتە خاوەنی پارەکەن.
ئەو کێشانەی رووبەرووی کارمەندەکان دەبێتەوە لە داهاتوو:
هیچ پێشینە، زەوی و خانوو نایانگرێتەوە.
وەک دەوڵەمەند هەژمار دەکرێن.
ناویان لە هەموو سیستمێکی بانکی بە ملیۆنێر تۆمارکراوە.
لیژنەی دەسپاکی لە داهاتوو لێکۆڵینەوە بکات دەگیرێن.
سەرچاوەی پارەکانیان دیار نییە و رەشە.
دەبێت لە داهاتوو بیسەلمێنن ئەو پارەیەیان چی لێکردووە.
بۆچی بە کاش ملیاران دیناریان راکێشاوە و موڵک و ماڵیان نییە.
بەهۆی تۆمارنەکردنی سکاڵا ناتوانن بیسەلمێنن ئاگەدار نەبوون.
بە دزین و سپیکردنەوەی پارەی دەوڵەت هەژمار دەکرێت.
لە هەموو جیهان ئەوانە وەک ملیۆنێر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
لە كۆتایی نووسینەكەیدا رۆژنامەنووسەكە وەك تێبینی بڵاوی كردووەتەوە، لە هەموو ئەو زانیارییانە بەرپرسم و هەموو بەڵگەیەکم لایە.