سەرۆكی جەهەپە رای گەیاند، خەڵكی توركیا دۆخی داراییان خراپە، حكوومەت باج و خەرجییە فەرمییەكانی 44٪ زیاد كردووە.
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی جەهەپە لەبارەی دۆخی دارایی هاووڵاتییانی توركیا بەتایبەتی فەرمانبەران گوتی: ساڵی رابردوو فەرمانبەرێك دەیتوانی بەمووچەكەی لەو ساڵەدا 57 كیلۆ قیمەی گوێرەكە بكڕێت، ئەمەش كارەساتێكە حكوومەت دروستی كردووە.
جەهەپە ئەوەشی گوتووە، حكوومەت باج و خەرجییە فەرمییەكانی 44٪ زیاد كردووە، بەڵام ئەو زیادكردنە بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتی بەكار نەهێنراوە.
هاوكات لەبارەی دۆخی خراپیی هاووڵاتییانی توركیاوە، تولای هاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆكی دەم پارتی گوتی: "سنووری برسێتی بۆ ساڵی 2024 لە كانوونی یەكەمدا بە 21 هەزار لیرە دیاری كرا. سنووری هەژاری بە 69 هەزار لیرە پێناسە كرا. لە كاتێكدا سنووری برسێتی و هەژاری بەم شێوەیەیە، كەمترین بڕەمووچەی ساڵی 2025 كراوە بە 22 هەزار و 104 لیرە. خێزانێك چۆن دەتوانێت بەو مووچەیە بژی.
لە توركیا سەرەڕای هەموو هەوڵەكان بۆ چارەسەری دۆخی ئابووری وڵاتەكە، هەڵاوسان بەردەوام زیاتر دەبێت و گوزەرانی خەڵكەكەشی خراپتر دەبێت، بەپێی داتاكانی دامەزراوەی ئاماری توركیا، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2024دا، هەڵاوسانی ساڵانە 44.38٪ بوو، لە بەرانبەردا كەمترین بڕەمووچە بۆ ساڵی 2025دا تەنیا 30٪ زیاد كرا.