حەوت هەزار و 50 كەس لە نەینەوا دادەمەزرێن و هەزار كەسیان خەڵكی شنگالن

:: AM:11:37:11/01/2025 ‌
هەفتەی داهاتوو ئەنجامی دامەزراندنی حەوت هەزار و 50 كەس لە نەینەوا رادەگەیەنرێت كە هەزار كەسیان خەڵكی شنگالن.

 ئەو حەوت هەزار و 50 كەسە لە كۆی ئەو 150 هەزار دامەزراندنی گرێبەستە كە لە بودجەی سێ ساڵەی 2023 و 2024 و 2025ـی عێراق دیاری كراون. بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و پێویستیی وەزارەتەكان بەسەر شار و شارۆچكەكان دابەش كراون.

ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، نازم كەبیر بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، لەو حەوت هەزار و 50 دامەزراندنە، هەزاریان تایبەتن بە شارۆچكەی شنگال و 50 كەسیشیان بۆ فڕۆكەخانەی مووسڵ دادەمەزرێنرێن.

"ئەوانەی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستانن و خەڵكی ناوچەكانی مادەی 140ـن، مافی پێشكەشكردنیان هەبووە و بڕیارە لە 10 ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامەكە ڕابگەیەنرێت". نازم كەبیر وا دەڵێت.

دامەزراندنەكە بەشێوەی گرێبەستە و بۆ سێ ساڵە، كەسانی دامەزراو مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرن.




وشە - سۆران عەزیز