بە داتا.. بەغدا تەنیا مووچەی 10 مانگی ناردووە

:: PM:10:07:11/01/2025 ‌
هەرچەندە ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی فیدراڵ، تەنیا ئاماژەی بەوەدا كە 11 تریلیۆن و 758 ملیار دینار بۆ هەرێم نێردراوە، بەڵام لەلایەك بەشێك لە میدیاكان كە بەردەوام دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەواڵ و لێدوان بڵاو دەكەنەوە، ئاڕاستەی قسەكە گۆڕا بەوەی كە تەیف سامی گوتوویەتی مووچەی 12 مانگ بۆ هەرێم نێردراوە، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە داتا راستییەكان ئاشكرا دەكات. 

ئەمشەو شەموو، 11ی كانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كە كۆی تەرخانكراوی مووچەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا 11 تریلیۆن و 758 ملیار دینار بووە كە نۆ تریلیۆن و 556 ملیاری بۆ مووچەی فەرمانبەران و زیاتر لە 2 تریلیۆنیشی بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی، خانەنشینی و كاروباری كۆمەڵایەتی بووە. 

سەرچاوەكە ئەوەی گوت، كە ئەوەی لەمساڵدا بۆ هەرێم نێرداوە تەنیا 10 تریلیۆن و 758 ملیار دینارە كە لەم بڕەیشدا بەغدا بڕی 726 ملیار دیناری بۆ خانەنشینی و باجی مووچە لێبڕیوە و ئەوەی بە فیعلی بۆ هەرێم هاتووە تەنیا 10 تریلیۆن و 26 ملیار دینارە كە ئەم بڕەیش تەنیا بەشی 10 مانگی مووچەی كردووە. 

هەفتەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێمی دا، لە كاتێكدا تەنیا پارەی 10 مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە و كورتهێنانەكە لە داهاتی ناوخۆ پڕ كراوەتەوە. 

شایەنی باسە، ئەمڕۆ چەند میدیایەكی دژەحكوومەت دووبارە قسەكەی تەیف سامییان بەوە گۆڕی كە مووچەی 12 مانگی بۆ هەرێم ناردبێت، لە كاتێكدا خۆی ئەم قسەیەی نەكردووە و تەنیا باسی لەو بڕە كردووە كە ناردوویەتی بۆ هەرێم.


وشە - پۆڵا مەحموود