هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ و هه‌ڵوێسته‌كانی خامنه‌یی به‌های تمه‌نی هێنده‌ی تر داڕماند

:: PM:03:33:09/02/2025 ‌
له‌ ماوه‌ی چوار رۆژدا نۆ هه‌زار تمه‌نی تر هاتووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ر دۆلارێك و به‌های دراوی ئێرانی زۆر به‌ خێرایی له‌ دابه‌زیندایه‌. هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ و هه‌ڵوێسته‌كانی خامنه‌یی دۆخی ئابووریی ئه‌و وڵاته‌ی شپڕزه‌ كردووه‌.

هێشتا نه‌بووه‌ته‌ هه‌فته‌یه‌ك كه‌ له‌ فه‌رمانی تره‌مپ له‌باره‌ی رێكاری زۆرترین گوشار بۆ سه‌ر ئێران تێنه‌په‌ڕیوه‌ كه‌ تمه‌ن خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوی به‌های خۆی له‌ ده‌ست بدات. كاتێك تره‌مپ فه‌رمانه‌كه‌ی ده‌ركرد دۆلار له‌ 84 هه‌زاره‌وه‌ گه‌یشته‌ 85 هه‌زار  و 400 تمه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی ئێران به‌ تایبه‌تی عه‌لی خامنه‌یی هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی خراپ كرد.

عه‌لی خامنه‌یی رۆژی هه‌ینی به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی وه‌رگرت و هه‌ر جۆره‌ دانوستانێك له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ی ره‌ت كرده‌وه‌. دواتر سه‌رۆكی ده‌زگا باڵاكانی ئێرانیش پشتیوانیان له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ كرد.
 له‌ چوار رۆژی رابردوودا تمه‌ن زۆر به‌ خێرایی بێ به‌ها بووه‌، نۆ هه‌زار تمه‌نی تری هاتووه‌ته‌ سه‌ر و ئێسته‌ هه‌ر دۆلارێك به‌ 91  هه‌زار و 500 تمه‌ن و به‌شێوه‌ی حه‌واڵه‌ش له‌ سه‌رووی 93 هه‌زار تمه‌ن مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

نرخی تمه‌ن به‌رده‌وام له‌ دابه‌زیندا بووه‌ و ئه‌وه‌ی وایكردووه‌ ئه‌مڕۆ زیاتر دابه‌زێت، لێدوانێكی تره‌مپه‌ له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرك پۆست كه‌ گوتوویه‌تی، ئه‌گه‌ر ئێران پێكبێت ئیسرائیل بۆردمانی ناكات و ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رژد لێك ده‌درێته‌وه‌.

له‌ سه‌رده‌می بایدن، ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تێكی هێمنانه‌تری به‌رانبه‌ر ئێران گرته‌به‌ر و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی به‌ ئێران دا هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بكاته‌وه‌. تره‌مپ پێی وایه‌ مه‌به‌ستی ئێران له‌ ده‌ستخستنی پاره‌، تیرۆر و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌ چه‌كی ئه‌تۆمییه‌ و تا ئه‌و ساته‌ی به‌ ته‌واوی وازی لێ نه‌هێنێت، ئه‌وا سزاكان له‌ دژی قورستر ده‌كات.

دۆخی ناله‌باری ئابووریی ئێران، پاشه‌كشێی سه‌رجه‌م پێنوێنییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كان و دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنان و قووڵتربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ناوخۆی ئێران و به‌رده‌وامیی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هۆكارگه‌لێكی ترن كه‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ به‌های تمه‌ن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و هیچ ئاسۆیه‌كی روون بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی به‌دی ناكرێت.

له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و سه‌ركه‌وتنی مه‌سعوود پزیشكیان له‌ مانگی ته‌مووزی ساڵی رابردوو، نرخی دۆلار بۆ خوارووی 58 هه‌زار تمه‌ن گۆڕابوو، له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا 35 هه‌زار تمه‌نی تری هاتووه‌ته‌ سه‌ر و تمه‌ن هێنده‌ی تر به‌های خۆی له‌ ده‌ست داوه‌.

له‌وه‌ته‌ی تره‌مپ سه‌ركه‌وتووه‌، هیچ شتێك رووی نه‌داوه‌ له‌ قازانجی بازاڕه‌كانی ئێراندا بێت، پێشبینی ده‌كرێ به‌های دۆلار به‌مزووانه‌ بگاته‌ 100 هه‌زار تمه‌ن.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی تر كه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی ئێران هه‌بووه‌، بریتی بووه‌ له‌ رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، خه‌ڵكی ئێران هه‌وڵی زیاتری ئه‌وه‌یان‌ دا و پاره‌كانیان له‌ بانك بكێشنه‌وه‌ و به‌ دۆلار بیگۆڕنه‌وه‌، جۆرێك بێ متمانه‌یی به‌سه‌ر بازاڕه‌كانی ئێراندا زاڵ بووه‌ كه‌ به‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیی دابه‌زینی به‌های تمه‌ن داده‌نرێت.

هۆكارێكی تری دابه‌زینی به‌های تمه‌ن، پێوه‌سته‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی ئێران و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاته‌كان و به‌و هۆیه‌وه‌ دراوی بیانی كه‌می كردووه‌، له‌‌لایه‌كی تره‌وه‌ بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانیش به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی داخوازی، هه‌وڵی زیاتری كڕینی دۆلار له‌ بازاڕه‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ هۆكارێكی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رانبه‌ر دراوی ئێرانی داده‌نرێت.



وشە - سلێمان تاشان