جۆوی وێڵسن تەیف سامی تاگ دەكات و دەڵێ: مووچەی كوردستان نادات و كوردەكان برسی دەكات

:: AM:03:11:11/03/2025 ‌
كۆنگرێسمان و كەسایەتی نزیك لە سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا داوا دەكات كە گەنجینەی ئەمەریكا ئیتر سزاخستنە سەر بانكی رافیدەین دوانەخات كە ملیاران دۆلار لە بەرژەوەندی میلیشیا عێراقییەكان سپی دەكاتەوە، هاوكات "تەیف سامی" وەزیری دارایی عێراقیشی تاگ كردووە و دەڵێ: ئەمە لەكاتێكدایە كە كوردەكانی عێراق برسی دەكرێن و مووچەكانیان نادات. 

ئەمشەو دووشەم 10ی ئاداری 2025، جۆوی وێڵسن، كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان و كەسایەتی سیاسیی نزیك لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتییتدا لە "ئێكس" بڵاوی كردووەتەوە، داوا لە گەنجەینەی ئەمەریكا دەكەم ئیتر سزاخستنە سەر بانكی عێراقیی "رافیدە" دوا نەخات. 

وێڵسن بەردەوامی داوە لە پۆستەكەیدا لەبارەی بانكی رافیدەین و ئاماژەی داوە كە بانكی رافیدەین ملیاران دۆلاری لە بەرژەوەندی میلیشیا عێراقییەكان سپی كردووەتەوە و سپی دەكاتەوە. 

وێڵسن تەیف سامیی وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵی لە پۆستەكەیدا تاگ كردووە و ئاماژەی داوە كە ئەمانە لەكاتێكدایە، وەزیری دارایی عێراق كوردەكانی عێراق برسی دەكات و مووچەكانیان نادات، ئەمە دەبێت كۆتایی پێبێت و ترەمپیش ئەمە چارەسەر دەكات. 

ئەم پەیامەی جۆوی وێڵسن لەكاتێكدایە، چەندان جار راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ئیدارەی نوێی ئەمەریكاوە كە ترەمپ سەرۆكایەتی دەكات هۆشداری داوە بە عێراق لەوەی ئیتر پارە لەبەرژەوەندی میلیشیاكان سپی نەكرێتەوە و پارەدار نەكرێن، بە پێچەوانەوە سزا دەخرێتە سەریان، هاوكات سەرباری رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو شاندی دانووستانكاری حكوومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆران كە بەڵێندرا هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچەكانیان بدرێت، دووبارە مووچە لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە بێ پاساو و بیانووی یاسایی دواخراوەتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود