وەزارەتی كارەبای عێراق رای گەیاند، تا مانگی شەشی ئەمساڵ، هاوردەكردنی كارەبا لە توركیاوە بۆ نزیكەی 600 مێگاوات زیاد دەكەن.
ئەحمەد مووسا گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رای گەیاند، ئێستە عێراق 54 مێگاوات كارەبا لە ئوردنەوە هاوردە دەكات بۆ دابینكردنی كارەبای شارۆچكەی روتبە، كاریش دەكەین بۆ زیادكردنی ئەو بڕە بۆ 150 مێگاوات بۆ دابینكردنی كارەبای ناوچەكانی عەنە، هەیت، روتبە، حەسیبە و قائیم.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی بەوەش كرد، وەزارەتەكە هەوڵ دەدات پێش هاوین، گواستنەوەی 500 مێگاوات كارەبا لە كوێتەوە بۆ بەسرە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
دەشڵێت، كار دەكەین بۆ زیادكردنی هاوردەكردنی كارەبا لە توركیاوە بۆ ئەوەی تا مانگی حوزەیران، بگاتە نزیكەی 600 مێگاوات، لەبری ئەو 300 مێگاواتەی ئێستە لەڕێگەی پێوەندیی كارەبای نێوان هەردوو وڵاتەوە دابین دەكرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەت كار دەكات بۆ گۆڕینی كارەبای 543 باڵەخانەی حكوومی بۆ سیستمی وزەی خۆر، بەمەبەستی كەمكردنەوەی فشار لەسەر تۆڕی نیشتمانی. ئەمە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی حكوومەت دەگرێتەوە و خودی سەرۆكی حكوومەت، دەستپێشخەریی كردووە بۆ گۆڕینی باڵەخانەی سەرەكیی حكوومەت بۆ سیستمی وزەی خۆر.
لەبارەی پێویستیی غازی ئێران، ئەحمەد مووسا گوتی، وەزارەت گرنگیی غازی ئێران ناشارێتەوە و ئەگەر بپچڕێت، كاریگەریی لەسەر كارەبای تۆڕی نیشتمانی دروست دەكات، ئێستە وەزارەت دەستیكردووە بە گەڕان بەدوای چارەسەر و بەدیل بۆ تێپەڕاندنی ئەو كێشەیە.