راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، ئەو بودجەیەی كە بۆ ساڵی 2025 دانراوە نزیكەی 200 تریلیۆن دینارە و بودجەیەكی گەورەیە، بڕێك كورتهێنانیشی هەیە، بەڵام كاریگەری دروست ناكات.
ئەمڕۆ یەكشەم 16ی ئادار، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی بودجەی ئەو سێ ساڵەی كە حكوومەتی عێراق بۆ ساڵەكانی 2023 و 2024 و 2025 داینابوو، بودجەی ئەمساڵی عێراق زۆر گەورەیە و بەهێزە.
روونی كردەوە، بڕی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2025 نزیكەی 200 تریلیۆن دینارە، لەگەڵ ئەوەیشدا بڕی 64 تریلیۆن دینار كورتهێنان لە بودجەدا هەیە، بەڵام ئەو كورتهێنانە كاریگەری لەسەر ئابووری عێراق و كارەكان و بەتایبەتیش لەسەر بودجە نابێت، ئەگەر لە ژێر كۆنترۆڵدا بێت.
لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل شارەزای بواری ئابووری، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كورتهێنانەی بودجەی ئەمساڵی عێراق بڕەكەی زۆرە و ئەوەی هەیە 64 تریلیۆنە، ئەگەر بەشێوەیەكی باش مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت كێشە دروست دەكات، چونكە بڕەكەی زۆرە و دەبێت بە جۆرێك كار بۆ پڕكردنەوەی بكرێت.
وشە/ هۆشیار عەلی