سوودانی 100 هەزار دینارەكەی خانەنشینانی بۆ مانگی سێش خەرج نەكرد

:: AM:10:20:24/03/2025 ‌
خەرجكردنەوەی 100 هەزار دینارەكەی خانەنشینان بۆ مووچەی مانگی سێ‌ جێبەجێ نەكراوە. بەرپرسێكی وەزارەتی داراییش دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە سوودانی بڕیاری لێ داوە، لە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقدا بوونی نییە.

بڕی ئەو 100 هەزار دینارەی كە لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە لە مووچەی خانەنشینان بڕاوە، لە لیستی مووچەی مانگی سێی خانەنشینانی هەرێم نەخراوەتەوە سەر مووچەكانیان.

 لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕی ئەو 100 هەزار دینارەی كە بۆ مووچەی خانەشنیان زیاد كراوە، بە بڕیاریكی تایبەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە،پێوەندیی بەیاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقەوە نییە و وەك مینحەیەك خراوەتەسەر مووچەی خانەنشینی.

ئەو بەرپرسە دەشڵێت، "هەر بڕە پارەیەك بەیاسا بڕیاری لەبارەوە نەدرابوو یان ناوی مینحەی لێ نرابوو، ئەوا دەبێت ساڵانە بڕیاری نوێ‌ بۆ خەرجكردنی ئەو مینحەیە دەربكرێت، بەڵام تا ئێستە سەرۆك وەزیرانی عێراق واژووی لەسەر ئەو نووسراوە نەكردووە كە تایبەت بە خەرجكردنەوەی ئەو 100 هەزار دینارەی كە دەچێتە سەر مووچەی ئەو خانەنشینانەی مووچەكانیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە.

هەر بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی بێت، "ئەم مانگەش بەهەمانشێوە لە لیستی خانەنشینان، 100 هەزار دینارەكە نەخراوەتەوە سەر مووچەكانیان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر لە مانگی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدات، ئەوا سەرجەم ئەو مانگانەی ئەو 100 هەزارەی تێدا خەرج نەكراوە، هەمووی پێكەوە خەرج دەكرێت.
 



وشە - سۆران عەزیز