دوای چه‌ند رۆژ له پشووه‌كانی نه‌ورۆز، بازاڕی دراو له تاران به نرخێكی به‌رز كرایه‌وه، نرخی هه‌ر دۆلارێك به 103 هه‌زار تمه‌ن راگه‌یه‌نرا كه به نزمترین نرخی تمه‌ن له مێژووی ئه‌و دراوه داده‌نرێت.
شپرزه‌یی دۆخی ئابووریی ئێران له ژێر كاریگه‌ریی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا، گوشاری نێوده‌وڵه‌تی و لاوازبوونی پێگه‌ی ئێران له ئاستی ناوچه‌یی، كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت و زیاتر په‌راوێزخرانی ئێران له ئاستی جیهانی، به گرنگترین هۆكاره‌كانی پاشه‌كشه‌ی به‌های تمه‌ن داده‌نرێن.
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه نرخی دۆلارێك گه‌یشتبووه خوارووی 89 هه‌زار تمه‌ن و له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌دا 14 هه‌زار تمه‌نی تر هاتووه‌ته سه‌ر هه‌ر دۆلارێك.
ئێران به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو ده‌رگاكانی هه‌ر جۆره گه‌شه‌سه‌ندن و ده‌ستخستنێكی داهاتی لێ داخراوه، له‌وه‌ته‌ی دۆناڵد تره‌مپ كورسیی ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌ته‌وه، كاریگه‌رییه‌كان زۆر زیاتر بوون و ئه‌مه‌ریكا رێكاری سه‌پاندنی زۆرترین گوشار دژی ئێرانی زیندوو كردووه‌ته‌وه.
ئه‌مه‌ریكا رێكاری رێككه‌وتن یان جه‌نگی خستووه‌ته به‌رده‌م ئێران و عه‌لی خامنه‌یی ره‌تی كردووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتن بكات، هه‌رچه‌نده دوێنێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی، ئاماده‌ن ناڕاسته‌وخۆ دانوستان بكه‌ن.
پێشتر ئێران به پشتبه‌ستن به عێراق، به‌شێك له دۆلاری بازاڕه‌كانی خۆی دابین ده‌كرد، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه چاودێریی له‌سه‌ر چالاكییه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی ئێران له عێراق زۆر زیادی كردووه و حكوومه‌تی عێراقیش خراوه‌ته ژێر گوشاری ئه‌وه‌ی پشتئه‌ستووریی خۆی به ئێران كه‌م بكاته‌وه، هه‌ر له ماوه‌ی رابردوودا ئه‌مه‌ریكا كۆتایی به مۆڵه‌تی كڕینی گازی ئێران هێنا.
تره‌مپ پێی وایه مه‌به‌ستی ئێران له ده‌ستخستنی پاره، تیرۆر و ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به چه‌كی ئه‌تۆمییه و تا ئه‌و ساته‌ی به ته‌واوی وازی لێ نه‌هێنێت، ئه‌وا سزاكان له دژی قورس‌تر ده‌كات.
به‌رده‌وامیی ئێران له هه‌ڕه‌شه‌كانی، درێژه‌دان به سیاسه‌تی له‌ناوبردنی ئیسرائیل، رێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵاوسانی به‌رز، دۆخی ناله‌باری ئابووریی ئێران، پاشه‌كشێی سه‌رجه‌م پێوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كان، دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنان، قووڵتربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ناوخۆی ئێران و به‌رده‌وامیی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هۆكارگه‌لێكی ترن كه رۆژ به رۆژ له به‌های تمه‌ن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و هیچ ئاسۆیه‌كی روون بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی به‌دی ناكرێت.
له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و سه‌ركه‌وتنی مه‌سعوود پزیشكیان له مانگی ته‌مووزی ساڵی رابردوودا، نرخی دۆلار بۆ خوارووی 58 هه‌زار تمه‌ن گۆڕابوو، له ماوه‌ی حه‌وت مانگدا 45 هه‌زار تمه‌نی تری هاتووه‌ته سه‌ر و تمه‌ن هێنده‌ی تر به‌های خۆی له ده‌ست داوه.