پیاوێك دەیەوێ تیزاب بە ڕووی كچەكەیدا بكات

:: AM:10:09:17/08/2017 ‌

كچێكی تەمەن 30 ساڵانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دوای هاتنی بۆ هەولێر، خەریكی كاركردن بووە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆی، بەڵام باوكی لە ڕۆژهەڵاتەوە چەند پیاوێكی ناردووە تا تۆڵەی ژنە كۆنەكەی لە كچەكەی بكاتەوە و تیزاب بە ڕووی كچەكەیدا بكات.

منەوەر ئەو كچەیە كە ژیانی وەك خۆی باسی دەكات پڕاوپڕە لەو بەسەرهاتانەی كە زۆر كەس هەن لەبەر تاڵییان بڕوا بەو ڕووداوانە ناكەن كە بەسەری هاتوون. ئەو نایەوێ بەهیچ شێوەیەك شوێنی ئاشكرا بكرێت، بەڵام دەیەوێ چیرۆكەكەی بنووسرێتەوە و هەموو ئەوانەی بەو سەختییانە بڕوا دەكەن یاخود نا، بیخوێننەوە. ئەو چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە.

چیرۆكەكەی منەوەر ئەو كاتە دەست پێ دەكات كە لەگەڵ دایك و باوكیدا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەژین و تەمەنی ئەوكات پێنج ساڵ دەبێت، باوكی بەبێ ئاگای دایكی هاوسەرگیری دەكات، ئەو كاتەی دایكی بەو هاوسەرگیرییە دەزانێت، تێزاب بە هاوسەرەكەیدا دەكات، ئیتر دایكی دەكەوێتە گرتووخانە و باوكیشی بۆ چارەسەر دەچێت بۆ دەرەوەی وڵات، كەس منەوەر ناگرێتە خۆیی و دەبرێت بۆ خانەی بێسەرپەرشتان.

منەوەر بە هاتنە خوارەوەی فرمێسك لە چاوەكانی بەردەوام بوو و گوتی، كاتێك گەورە بووم و هەستم بە ژیان كرد، بەبێ دایك و باوكی لەناو خانەیەكی ساردوسڕی بێ مافدا دەژیام، هەفتە نەبوو شتێكم بەسەر نەیەت، جارێك سەرم دەشكا جارێك قاچم، جارێك دەسووتام (شوێنی سووتاوی هێشتا بەسەر جەستەی منەوەرەوە شوێنەواری ماوەتەوە)، یانیش منداڵەكان لێیان دەدام، تا بووم بە 18 ساڵ بە سەختترین شێوە ژیام، دوای تێپەڕبوونی تەمەنی 18 ساڵی، بۆ پەیمانگە پەرستاری براین و لەوێ لەگەڵ چەند كچێكی تر ماینەوە.

زیاتر گوتی، دوای تەواوكردنی خوێندن لە پەیمانگەی پەرستاری، منەوەر كاری بە مووچەیەكی باش دەست دەكەوێت، بەڵام لەلایەن نزیكترین هاوڕێیەوە شوێنەكەی بۆ باوكی ئاشكرا دەكرێ، باوكیشی دەیەوێ لە تۆڵەی تیزاب بە ڕووداكردنی لەلایەن ژنی یەكەمیەوە كە دەكاتە دایكی منەوەر، تیزاب بە منەوەردا بكاتەوە، دوای ئەوەی پێی دەزانێ شوێنەكەی ئاشكرا بوو، بە پەلە ڕۆژهەڵاتی كوردستان جێ دێڵێ و ڕوو دەكاتە باشووری كوردستان.

باوكی منەوەر تا ئەوكاتەی منەوەر لە خانەی بێسەرپەرشتان دەژیت، ناتوانێت هیچ توندوتیژییەك بەرامبەر كچەكەی بكات، دواتریش بەهۆی كارەوە دەچێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، پاشان دەگەڕێتەوە، ئەوكاتە منەوەر پەیمانگە تەواو دەكات و خەریكی كاركردنە، بەڵام دوای گەڕانەوەی و زانینی ناونیشانی كچەكەی لە ڕێی هاوڕێیەكیەوە، باوكی پێوەندی بە كچەكەی دەكات و پێی دەڵێت، "ئەو كارەی دایكی بەسەر ئەوی هێناوە، ئەویش بەرامبەر بەو دەیكاتەوە و لەناوی دەبات"، منەوەر دوای بیستنی ئەمە، بۆ ڕزگاربوون لە دەست باوكی، ڕۆژهەڵات جێ دەهێڵێت و دێتە باشووری كوردستان.

ئەو كچە باسی هاتنی بۆ هەولێر دەكات و دەڵێ، سەرەتا هەموو شتێك زۆر ئەستەم بوو، تەمەنم ٢١ ساڵ بوو نە كەسم هەبوو نە كەسم دەناسی، هەموو ڕووخسارەكان بووبوون بە باوكم، لەلایەك سڵم لە هەموو كەس دەكردەوە، لەلایەكی تریش لە بێكەسی خۆمدا پەنام بۆ هەر كەسێك دەبرد، وردە وردە دەستم بەكار كرد، لە شوێنی كاردا دەمامەوە، لەبەر ئەوەی هیچ شوێنێكم نەبوو، هەموو كات بێ بەرامبەر ئێشكگریم بۆ هاوكارەكانم دەكرد، تا ئەو كاتە دوو هاوڕێم دۆزییەوە و بەیەكەوە شوێنی نیشتەجێبوونمان گرت.

ئەو ماوەی نۆ ساڵە لە باشووری كوردستان دەژی، لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا دووجار لەلایەن هاوڕێكانیەوە كە لەگەڵیان لە یەك شوێن كاری كردووە و ماوەتەوە، دوای زانینی چیرۆكەكەی ناونیشانیان بە باوكی داوە و لە بەرامبەریشدا پارەیان وەرگرتووە، بەڵام هەردوو جارەكە منەوەر بە كاری هاوڕێكانی دەزانێت، بە وازهێنان لە كارەكەی و جێهێشتنی ئەو شوێنە، ژیانی خۆی لە دەست باوكی دەكڕێتەوە.

منەوەر نایشارێتەوە كە ئەو هیچ خۆشەویستییەكی بۆ باوكی نییە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دەڵیت هیچ ڕقێكی لێی نابێت. ئەو دەڵێت من هەست بە بوونی دایك و باوكم ناكەم، چونكە لەوكاتەوەی هەستم كردووە نە دایكم هەبووە نە باوك، ئێستەیش بۆ تۆڵەكردنەوە لە كارێك كە من ئاگەداری نیم و پێوەندیم پێوە نییە، باوكم دەیەوێت من بكوژێت یانیش بە تیزاب ڕووخسار و جەستەم تێك بدات.

مانگێكە منەوەر دوا شوێنی كاركردنی جێ هێشتووە و لە شوێنێكی هەولێر خۆی حەشار داوە، بەهۆی ئەوەی باوكی بە شوێنی پێشووی زانیوە و كەسانێكی لە ڕۆژهەڵاتەوە ناردووە تا تیزابی پێدا بكەن و لەناوی ببەن، ئێستە ئەو بە چاوی فرمێسكەوە، ئومێدی هەیە چارەیەك بۆ دۆخی ژیانی بدۆزێتەوە و خۆی لە باوكە زاڵمەكەی بپارێزێت.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د