هاووڵاتییانى شارى كه‌ركووك به گهرموگوڕٍییهكى زۆره‌وه روویان له بنكه‌كانى ده‌نگدان كردووه و پرۆسه‌كه به‌شێوه‌یه‌كى ئارام به‌ڕێوه ده‌چێت. سه‌رچاوه‌كانى ته‌ناهیى شاره‌كه دووپات له پاراستنى سه‌قامگیرى شاره‌كه و پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن.
له سه‌عات 8:00ى به‌یانى ئه‌مڕۆ دووشه‌م 25ى ئه‌یلوولى 2017 پرۆسه‌ى ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى له شارى كه‌ركووك هاوشێوه‌ى شاره‌كانى تر‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكردووه. تێبینى ده‌كرێت له به‌یانییه‌وه ژماره‌یه‌كى به‌رفره‌وان له دانیشتووانى شاره‌كه روویان له بنكه‌كانى ده‌نگدان كردووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ته‌ناهى له شارى كه‌ركووك بۆ "وشه"ى دووپات كرده‌وه، بارودۆخه‌كه به‌ته‌واوه‌تى ئاسایییه و له‌رووى بارى ته‌ناهیشه‌وه هیچ مه‌ترسی و ئاسته‌نگییه‌ك له ئارادا نییه، هێزه‌كانى ئاسایش ئارامى شاره‌كه و بنكه‌كانى ده‌نگدان ده‌پارێزن و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ش له ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌دا.
به‌پێى به‌دواداچوونى مه‌یدانى په‌یامنێرانى "وشه" له شارى كه‌ركووك، له زۆربه‌ى بنكه‌كانى ده‌نگدان له گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كاندا، هاووڵاتییان به جلى كوردى و جلى ره‌نگاوڕه‌نگه‌وه وه‌ك ده‌ربڕینى خۆشحاڵى روویان له بنكه‌كانى ده‌نگدان كردووه.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى عێراقى نووسراوێكى ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى كه‌ركووك كردووه كه وه‌ك هیچ ده‌زگه‌یه‌كى ته‌ناهیى عێراقى بۆیان نییه به‌شدارى له پرۆسه‌كه‌دا بكه‌ن، به‌ڵام بارودۆخى شاره‌كه له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه به‌ته‌واوى له‌ژێر كۆنترۆڵدایه.
پرۆسه‌ى ریفراندۆم له گه‌ڕه‌كه توركماننشین و عهرهبنشینهكانى شاره‌كه‌دا، به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام به‌راورد به گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كان، به‌شدارى هاووڵاتییان له ده‌نگداندا سستتره.
كه‌ركووك/ئارام شێركۆ