ئیسلامییەكان یەكەم هەنگاوی یەكگرتنەوەیان دەست پێ كرد

:: PM:04:42:06/11/2016 ‌

حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان كە بریتین لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی، هەنگاوەكانیان بۆ یەكگرتنەوە دەست پێ كردووە.

بەمەبەستی گەڵالەكردنی پڕۆژەیەكی هاوبەش لە نێوانیاندا، بۆ یەكگرتن یان یەك لیستبوون لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوانیاندا پێك هێنراوە كە دوو ڕێگە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دیاری كراوە.

عەبدوڵا وەرتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە "وشە" راگەیاند: كۆبوونەوەكان درێژەی هەیە، دەبێت ئیسلامییەكان خێرا هەنگاو بنێن بۆ كۆكردنەوەیان لەژێر یەك چەتری هاوبەشدا، دەشڵێت: هەوڵەكان زۆر ڕژدین، ئێستە لیژنەیەكی هاوبەش خەریكی كارەكانیەتی تا پڕۆژەیەك گەڵاڵە بكەن، ئایە ببن بە یەك حزب و لە یەك چوارچێوە كار بكەن یان ببن بە یەك فراكسیۆن لە یەكە كارگێڕی و حكوومییەكان و پەرلەمان پێك بێت".

حزبە ئیسلامییەكان ئەمڕۆ لیژنە هاوبەشەكەیان كۆ بوونەتەوە و بەردەوامی بەم كۆبوونەوانە دەدەن بۆ ئەوەی پڕۆژەكە تا مانگی 12 تەواو بێت و بخرێتە بەردەم مەكتەبی سیاسیی حزبەكانیان و لەوێوە بڕیاری كۆتای لەبارەوە بدرێت، ئەمەش بە كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەرسی حزبەكە دەبێت.

مەسعوود عەبدولخالق شارەزا لە حزبە ئیسلامییەكان بە "وشە"ی گوت: مێژووی حزبە ئیسلامییەكان بەهۆی پێكهاتەكانیەوە یەكگرتنیان زۆر گرانە و لە چەندان گروپ پێك هاتوون، بەڵام بەهۆی گۆڕانكارییە جیهانییەكان و بیروڕای بەشێك لە ئیسلامییەكان، ئەم هەوڵی یەكگرتنە هاتووەتە كارا، ئەمەش مێژووی هەیە، بەڵام ئێستە زیاتر دووپات دەكرێتەوە.

ئەو شارەزایە لەبارەی حزبە ئیسلامییەكان، زۆر بە ئومێدەوە نەیڕوانییە ئەو بیرۆكەیە و گوتی: ئەگەر بێت و یەكیش بگرن، ماوەیەكی كورت دەخایەنێت و دواتر چەندان باڵی  لێ دەبێتەوە، ئەم ئیسلامییانەش ئەگەر یەك بگرن، هەرچەندە ناخۆشە وا دەڵێم، بەڵام ئەوانەش وایان لێ دێت حەوت باڵ لەناویاندا دروست دەبێت.

مەسعوود عەبدولخالق ئاشكرای دەكات كە چەندان نموونە لە عێراقدا هەیە لە حزبە ئیسلامییەكان كە یەكیان گرت، دواتر زۆر زیاتر كەرت بوون، چونكە ئەوانە چەندان هێڵیان تێدایە هەندێكیان نەرمن و هەندێكیان سەلەفین و هەندێكیان دیموكراسی و هەندێكیان توندڕەون، لە كۆتادا یەكگرتنەكەیان ئەم هێڵانە لەناو یەكتر یەك دەگرن و چەندان باڵ لەناو یەكگرتنەكەیان دروست دەبێت.


وشە - رامیار جەواد