گواردیۆلا: گەیشتینە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا

:: AM:09:13:14/02/2018 ‌

پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە ئیتر تیپەكەی سەركەوتنی بۆ قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مسۆگەر كردووە دوای ئەوەی شەوی رابردوو سەركەوتنێكی گەورەیان بەسەر یانەی بازلی سویسڕایی بەدەستهێنا.

شەوی رابردوو لە دەستپێكی یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یانەی مانچستەر سیتی لەنێو یاریگەی جاكوب پاڕك لە سویسڕا بووە مێوانی یانەی بازل و بە 4 گۆڵی خاوێن یارییەكەی لێ بردەوە.

بۆ یاریی گەڕانەوە یانەی مانچستەر سیتی پێویستی بە بردنەوە یان یەكسانبوون بەهەر ئەنجامێكە یانیش شكست بە جیاوازی 3 گۆڵە تا بەفەرمی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

دوای یارییەكە گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: ئامانجی سەرەكی ئەمساڵمان سەركەوتنە لەسەرجەم یارییەكاندا بێگومان پارێزگاریكردنیش لە ئاستی یانەكە لەسەرجەم یارییەكاندا كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئێمە تا ئێستە ئەوەمان كردووە و بەوەش دڵخۆشم.

زیاتر گوتی: ئەنجامی یارییەكە ئێستا بە چوار گۆڵی خاوێن بۆ بەرژەوەندی ئێمەیە، لێرەدا دەتوانم بە هاندەرانی یانەی مانچستەر ستی رابگەیەنم كە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

یانەی مانچستەر سیتی كە ئێستا لە پێشەنگی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزیشە، رۆژی 7ی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگەی ئیتیحاد لە شاری مانچستەر یاری گەڕانەوە بەرامبەر یانەی بازل ئەنجام دەداتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م