هه‌فته‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوایین بڕی هه‌نارده و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی ئاشكرا كرد، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هاوكێشه ئابوورییه‌كان نزیك نیوه‌ی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ناگاته وه‌زاره‌تی دارایی و په‌رله‌مانتارێك چاره‌نووسی 200 ملیۆن دۆلار ئاشكرا ده‌كات.
وه‌زاره‌تی دارایی بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پشت به چوار سه‌رچاوه ده‌به‌ستێت كه دوویان ناوخۆیی و دووی تریان ده‌ره‌كین. ناوخۆیییه‌كان بریتین له داهاتی ناوخۆیی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان و دووه‌میشیان داهاتی ئه‌و نه‌وته‌یه هه‌رێم راسته‌وخۆ دهیفرۆشێت. داهاته ده‌ره‌كییه‌كانیش بریتین له یارمه‌تیی ئه‌مه‌ریكا كه بڕه‌كه‌ی 36 ملیۆن دۆلاره له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه بودجه‌یه‌ی به‌غدا ماوه‌یه‌كه مانگانه بۆ هه‌رێمی كوردستانی ره‌وانه ده‌كات.
رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی داهاتی ناوخۆی كوردستان ئاشكرای كردبوو، مانگانه ئه‌و داهاته‌ی ده‌گاته وه‌زاره‌ته‌كه‌یان 110 بۆ 130 ملیار دیناره، كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌روازه سنوورییه‌كان بوونه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ. ئه‌م بڕه داهاته‌ش به دۆلار ده‌كاته 100 ملیۆن دۆلار.
گرنگترین داهاتی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و نه‌وته‌یه كه رۆژانه هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی دنیای ده‌كات. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ر له 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو كه كه‌ركووك پێشكه‌شی حه‌شدی شه‌عبی كرا، رۆژانه سه‌رووی 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده ده‌كرد، به‌ڵام دواتر بۆ خوارووی 300 هه‌زار به‌رمیل دابه‌زی.
دوایین بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان به گوته‌ی وه‌زیری دارایی، رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته و مانگانه 378 ملیار دینار له فرۆشه‌كه‌ی دێته وه‌زاره‌تی دارایییه‌وه كه به دۆلار ده‌كاته 315 ملیۆن دۆلار.
ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكرێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكات و به‌رمیلی نه‌وتیش 10 دۆلار كه‌متر له نرخی جیهانیی بێته فرۆشتن، به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین كه هه‌رێمه‌كه رۆژانه بایی 19 ملیۆن و 800 هه‌زار دۆلار نه‌وت ده‌فرۆشێت كه له مانگێكدا ده‌كاته 594 ملیۆن دۆلار.
جیاوازیی داهاتی نه‌وتی كوردستان و ئه‌و بڕه داهاته‌ی ده‌گاته وه‌زاره‌تی دارایی، بریتییه له 279 ملیۆن دۆلار. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی دارایی، 35%ی داهاتی نه‌وت بۆ پێشینه‌كانی شایسته دارایییه‌كانی كۆمپانیاكانی نه‌وت، پێشینه‌ی قه‌رزی تاریفه‌ی خه‌رجی و گواستنه‌وه و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له توركیا و پێشینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی كاشی قه‌رزی توركیایه و ئه‌وه‌ی تر بۆ مووچه ته‌رخان ده‌كرێت. داهاتی نه‌وت بریتی بوو له نزیكه‌ی 600 ملیۆن دۆلار و رێژه‌ی 35%ی ئه‌و داهاته‌ش ده‌كاته 210 ملیۆن دۆلار.
دكتۆر عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووری په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه هه‌موو مانگێك 50 ملیۆن دۆلار بۆ قه‌رزی بانكه‌كان، 50 ملیۆن دۆلار بۆ قه‌رزی توركیا، 50 ملیۆن دۆلار بۆ خه‌رجیی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و 50 ملیۆن دۆلاری تر بۆ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت ده‌ڕوات. كه به‌یه‌كه‌وه ده‌كاته 200 ملیۆن دۆلار.
وه‌زیری دارایی گوتبووی له كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ و نه‌وت دوای ده‌رچوونی خه‌رجییه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی مانگانه له حكوومه‌تی فیدراڵی بۆ هه‌رێم دێت كه بڕه‌كه‌ی 317 ملیار دیناره، نزیكه‌ی 83%ی بۆ پێدانی مووچه ته‌رخان ده‌كرێت. 5% بۆ خه‌رجی پێشینه‌یی داودهزگهكان، 8% بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری ده‌رمان و پزیشكی، كرێی كاره‌با، خواردن، چاككردنه‌وه، چاپكردن، خه‌رجی خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت و خاوێنكردنه‌وه و 4%ی تر بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت.
100 ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ له‌گه‌ڵ 264 ملیۆن دۆلاری به‌غدا و 315 ملیۆن دۆلاری داهاتی نه‌وت، ده‌كاته 679 ملیۆن دۆلار. ئه‌گه‌ر 83%ی ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌ستنیشان بكرێت، ئه‌نجامه‌كه ده‌كاته 577 ملیۆن دۆلار. جگه له‌مه 36 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكاش بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخان كراوه.
تێچووی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دوای دووباره ده‌ستكاریكردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه به گوته‌ی دكتۆر عیزه‌ت سابیر، بریتییه له 600 ملیار دینار كه به دۆلار ده‌كاته 500 ملیۆن دۆلار.
به گشتی ده‌سه‌لمێنرێت ئێسته گه‌وره‌ترین كێشه له به‌رده‌م داهاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قهرزهكهیهتی و ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌كان ته‌واو بن، ئه‌وا حكوومه‌ت ده‌توانێت پاشه‌كه‌وتی مووچه نه‌هێڵێت چونكه داهاتی پاڵێوراوی بۆ سه‌رووی 700 ملیۆن دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه.