لە ئێران لەگەڵ گەشەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و هونەرمەندان رەخساوە تا هەناسەی ئازادی هەڵمژن و بەشێك لە چالاكییەكانی خۆیان بڵاو بكەنەوە. بەڵام ئەم چالاكییانە لای كۆماری ئیسلامیی ئێران بە قەدەغەكراو و دوور لە رێساكان هەژمار دەكرێن.
لە چەند رۆژی رابردوودا یەكێك لە سەماكارە بەناوبانگەكانی ئینستاگرام لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە گیرا و دواتر هێنرایە سەر تەلەڤزیۆنی فەرمی حكوومەت و ددانپێدانانی لێ وەرگیرا. وەك لە ددانپێدانانەكە دەردەكەوێت سەماكارەكە لە كاتێكدا دەگریت، هەست بە پەشیمانی دەكات.
بڵاوبوونەوەی ئەم بەرنامەیە لە تەلەڤزیۆنی ئێران هەڵای لێ كەوتووەتەوە و خەڵكی ئێران و چالاكانی زۆر تووڕە كردووە و كار گەیشتووەتە ئەوەی ئەوان بە بڵاوكردنەوەی هەشتاگێك بە ناوی سەما بكە با سەما بكەین، وێڕای مەحكوومكردنی كردەوەكەی كۆماری ئیسلامی بەرگرییان لە سەماكارەكە كردووە.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەڵك و رۆشنبیران و هونەرمەندان رەخنەیان لە تەلەڤزیۆنی فەرمی حكوومەتی ئێرانه گرتووە كە بێڕیزی بە گەنجی ئێرانی كردووە و وەك ئەوەی تیرۆریستێكیان گرتبێت لە كەشێكی تاریك و ترسێنەر ددانپێدانانیان لێ وەرگرتووە.
مائێدێ هێژبەری ئەو كچە گەنجەیە كە كۆمەڵێك گرتەی سەمای لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردووەتەوە. ئەو تەمەنی 17 ساڵە و وەرزشوانی جیمناستیك و مامۆستای سەمایە و چالاكییەكەشی تەنیا لە ئینستاگرامە.