گرانترین یاریزانانی خولی ئیتاڵیا.. رۆناڵدۆ یەكەمە

:: AM:10:34:08/08/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی لە وەرگرتنی مووچەی یاریزانانی خولی ئیتاڵیا شكاند و دوای پەیوەندیكردنی بە یانەی یۆڤێنتۆس مووچەی ساڵانەكەی بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ بەرز كرایەوە.

ماڵپەڕی (IFTV)ی ئیتاڵی مووچە بەرزەكانی خولی تۆپی پێی وڵاتەكەی بڵاو كردەوە كە تێیدا كریستیانۆ رۆناڵدۆ ناوی لە ریزبەندی یەكەمدا هاتووە بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی یۆڤێنتۆس.

لە ریزبەندی دووەمیش ناوی گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی میلان هاتووە كە مووچەی ساڵانەكەی 21.5 ملیۆن یۆرۆیە، لە ریزبەندی سێیەمیش هەردوو یاریزان پاولۆ دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یانەی یۆڤێنتۆس و جانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی یانەی میلان هاتوون كە هەریەكەیان 7 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن.

لە ریزبەندی چوارەمیش دۆگلاس كۆستای بەڕازیلی دێت كە مووچەی ساڵانەكەی لە یانەی یۆڤێنتۆس برێتییە لە 6 ملیۆن یۆرۆ، لە ریزی پێنجەمیش لیۆناردۆ بونوچی بەرگریكاری یۆڤێنتۆس دێت بە مووچەی ساڵانەی 5.5 ملیۆن، لە ریزی شەشەمیش ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری ئەرجەنتینی لە یانەی ئینتەر میلان مووچەكەی 5 ملیۆن یۆرۆیە.

لە ریزی حەوتەم چوار یاریزان مووچەكانیان برێتییە لە 4.5 ملیۆن یۆرۆ، ئەوانیش برێتین لە میرالیم بیانیچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی یۆڤێنتۆس، ئیدین دزیكۆی هێرشبەری یانەی رۆما، لەگەڵ هەردوو ئەستێرەی یانەی ناپۆلی داریس مێرتێنز و لۆرێنز ئینسینی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م