كۆیە.. وردەكاری هەڵهاتنی دوو زیندانی و برینداركردنی پۆلیسێك

:: PM:03:06:07/10/2018 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم لە كاتی گواستنەوەیان لە كۆیەوە و بۆ شارەدێی تەقتەق، دوو زیندانی هەڵاتن، ئەوەیش دوای ئەوەی كەسوكاری ئەو زیندانییانە ڕێیان لەو ئۆتۆمبێلە گرت كە زیندانییەكانی دەگواستەوە و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیشدا پۆلیسێك بریندار كرا.

ڕووداوەكە بەمشێوەیە بووە، بەیانی ئەمڕۆ ئەو دوو زیندانییە بە بڕیاری دادگا و زیندانی كۆیە گواستراونەتەوە بۆ تەقتەق، لەكاتی نزیكبوونەوەیەیان لە گوندی "كونەگورەك" كە دەكەوێتە نێوان كۆیە و تەقتەق، ئۆتۆمبێلی پۆلیس دەستڕێژی گولەی لێ‌ دەكرێت و دواتر زیندانییەكان هەڵدێن.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كۆیە بۆ "وشە" گوتی، لە كاتی هەڵهاتنی ئەو دوو زیندانییەدا پۆلیسێك بریندار بووە، بەڵام زیندانییەكان هەڵاتوون. دووپاتی كردەوە كە ئەوانەی ڕێیان لە ئۆتۆمبێلەكەی پۆلیس گرتووە، كەسوكاری ئەو زیندانییانە بوون و چەكدار بوون.

سەرچاوەكە زانیاری لەسەر تۆمەتی ئەو زیندانییانە نەبوو كە هەڵاتوون، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد پۆلیسە بریندارەكە ڕەوانەی نەخۆشخانەی كۆیە كراوە.

لای خۆیەوە شۆڕش كاكە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ناتوانن ئێستە هیچ قسەی لەبارەیەوە بكەن و لێكۆڵینەوەیش لەسەر ڕووداوەكە بەردەوامە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم