كەشناسی: هیچ ئاماژەیەك بۆ وشكەساڵی نییە

:: PM:05:50:10/10/2018 ‌
بەرپرسێكی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، تا چەند باران زوو ببارێت قازانجی بۆ چاندنی گەنم و جۆ دەبێت و دەڵێت، هیچ ئاماژەیەك بۆ وشكەساڵی نییە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، بژار ئەكرەم لێرسراوی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەماوەی10 ساڵی رابردوودا تەنیا ساڵی 2016 بۆ 2017 درەنگترین وەرزی دواكەوتنی بارانبارین بوو كە لە 30 ئۆكتۆبەردا باران باری.

زیاتر گوتی، ئەم ساڵ كە دەسپێكی بارانبارین دەستی پێ كردووە و لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان نمەباران بایوە، بۆیە دەسپێكێكی باشە و ئومێدی زۆر باشی لێ چاوەڕوان دەكرێت.

بەرپرسەكەی كەشناسی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە هەفتەی داهاتوودا هەرێمی كوردستان كەشێكی پایزی بەخۆیەوە دەبینێت و زۆربەی كاتەكان ئاسمان هەور دەبێت و نمەباران لە زۆربەی ناوچەكان دەبێت و هەروەك پلەكانی گەرمایش نزمبوونەوەی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن.

لە بارەی ئەوەی تا چەندە دواكەوتنی بارانبارین زیانی بۆ چاندنی گەنم و جۆ دەبێت بژار ئەكرەم گوتی، تا چەند باران زووتر ببارێت ئەوەندە زیاتر سوودی بۆ گەنم و جۆ دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت ئەو زستانە بارانێكی باش ببارێت و هیچ ئەگەرێكی وشكەساڵی لە ئارادا نییە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە ژێر كاریگەری پاڵەپەستۆیەكی دەریای ناوەڕاست و كەشوهەوا بەرەو فێنكی دەچێت، ئەمڕۆیش لەچەند ناوچەیەكی كوردستان بارانباری.

سلێمانی/ هەستیار



وشە - سه‌رخێڵ هاشم