كەلار.. چیڕۆكی ئەو ئافرەتەی بە پەت خۆی خنكاند

:: PM:08:17:17/11/2018 ‌
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ئافرەتێكی تەمەن 28 ساڵی بە نەتەوە عەرەب و خاوەنی دوو منداڵ خۆی خنكاند، پۆلیسیش هاوسەرەكەی دەگرێت.
 
رائید عەلی جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە گەڕەكی مەتارەكەی كەلار كە گەڕەكێكی زیادەڕۆی كەلارە، ئافرەتێكی تەمەن 28 ساڵی بە نەتەوە عەرەب بەناوی (ن،م،ح)، خۆی هەڵواسی و خۆی خنكاند.
 
زیاتر گوتی، بەهۆی بوونی هاوئاهەنگی لە نێوان پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی خێزان، دۆسیەكە رەوانەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان كراوە، وەك پرسێكی ئافرەتان.
 
لای خۆیەوە عەقیدی یاسایی لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان بۆ "وشە" گوتی، لەم ساتەدا هاوسەری قوربانییەكەمان گرتووە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لێدوانی پیاوەكەی وەرگیراوە و باسی لەوە كردووە كە پاش تاریكداهاتن گەڕاوەتەوە و بینویەتی هاوسەرەكەی خۆی خنكاندووە و لەو كاتەیش دوو منداڵی لە ماڵەوە بوون. ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، تا ئێستە پیاوەكەی دانی بە هیچ شتێك نەناوە.
 
ئەحمەد حەسەن، دراوسێی ئەو خێزانە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە ئەوان ئاوارەی سنووری دیالەن و كەسە نزیكەكانیان لێرەنین. بۆیە ئەو ئافرەتە كێشەی خێزانی هەبووە و تۆراوە و ماوەیەكە گەڕاوەتەوە لای پیاوەكەی.
 
ئەو لە زاری چەند ئافرەتێكەوە روونی كردەوە، ئافرەتەكە پێشتر لەسەر داوای جیاكردنەوەی لە ماڵی باوكی هاوسەرەكەی تۆراوە، بەڵام سەرەڕای بەكرێگرتنی خانوویەكی تر، نێوانیان هەر وەك خۆی بووە و جێگیر نەبووە و ساردی لە نێوانیان هەبووە.
 
بەپێی ئاماری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە گەرمیان، ئەوە سێیەم حاڵەتی خۆكوشتنی ئافرەتانە لە گەرمیان لەكاتێكدا ساڵی پار هیچ ئافرەتێك خۆیان نەكوشتبوو.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل