مۆرینۆ چاوەڕێی تەلەفۆنێكی ریال مەدرید دەكات

:: AM:10:14:06/12/2018 ‌

تادێت چارەنووسی مۆرینۆ لە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی ئاست و ئەنجامە خراپەكانی ئەم وەرزە و لەدەستدانی ریزبەندی پێشەوەی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: مۆرینۆ دڵنیابۆتەوە بەم نزیكانە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتدی لێ دەسێنرێتەوە و بەهۆی ئەنجامە خراپەكان.

بۆ ئەمەش راهێنەرە پورتوگالییەكە چاوەڕێی تەلەفۆنێكی فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دەكات بۆ ئەوەی دووبارە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە وەربگرێتەوە و یانەكەش لەم دۆخە خراپە رزگار بكات كە ئەمساڵ تێی كەوتووە.

مۆرینۆ دڵنیایە لەم وەرزەدا یاخود لە وەرزی داهاتوو پەیوەندی تەلەفۆنی لە پێرێزەوە پێ دەگات و داوای لێ دەكات دووبارە بگەڕێتەوە قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

پێرێز لە ساڵی 2010 گرێبەستی لەگەڵ مۆرینۆ كردبوو بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید، بەڵام لە 2013 دەستیان لەیەك بەردا و راهێنەرە پورتوگالییەكە پەیوەندی بە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی كرد.

یانەی مانچستەر یونایتد دوێنێ چوارشەم لە گەڕی 15ی خولی نایابی ئینگلیزی لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی ئارسناڵ یەكسان بوو، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 23 خاڵ لە ریزبەندی 8ی یانەكان دێت.

لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش پێش ئەنجامدانی دواگەڕی قۆناغی كۆمەڵەكان، یانەكە بەفەرمی لەگەڵ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی خۆی گەیاندۆتە قۆناغی 16.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م