ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی دروستبوونی هەستیاری بە بۆن

:: PM:03:30:07/02/2019 ‌
هەستیاری بە بۆن بەهۆی چەند هۆكارێكەوە دروست دەبێت پێوەندی بە تەندروستی لەشەوە هەیە دەبێتە هۆی چەندان گرفت لە لەشدا، وەك گێژبوون، هێڵنجدان، رشانەوە و ژانەسەر تەنانەت لە هەندێك حاڵەتی تردا هۆكارێكە بۆ دڵەڕاوكێ‌ و خەمۆكی، هەندێك كەس هەن بە بۆنی شامپۆ یان پاككەرەوەكان و مۆم تووشی هەستیاری دەبن یان ئەو بۆنە دەستكردانەی كە لە بەرهەمەكانی ژیانی رۆژانەدا بەكار دەهێنرێت، بێگومان دەبنە هۆی دروستبوونی هەستەوەری و ناڕێكی هەستی بۆنكردن.

ئەم هەستیارە وا دەردەكەوێت كە هەستی بۆنكردنت زۆرە، ئەگەر هەستت بە بەرزبوونەوەی هەستی بۆن كردن كرد، ئەوە پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت، ئەمانەش هەندێكن لەو هۆكارانەی كە هەستیاری بۆن زیاد دەكەن پێویستە بزانرێت.

یەكەم: ژانە سەر، دروستبوونی ژانەسەر چەندان نیشانە بەدوایی خۆیدا دەهێنێت و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، وەك هێڵنجدان و رشانەوە و دروستبوونی هەستیاری  بۆ ژاوەژاو و بۆنكردن. ژانە سەر بەهۆكارێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ بەرزكردنەوەی هەستەوەری بە بۆن.

دووەم: ناڕێكی بەرگری، نارێكی بەرگری لەش حاڵەتێكە كە سیستەمی بەرگری لەش پەلاماری خانە و شانە بێ‌ لایەنەكانی لەش دەدات لە بری میكرۆب و یان تەنی بێگانە، زۆر جۆری جیاوازی ناڕێكی بەرگری هەیە لە پیاواندا.

سێیەم: كەمی ڤیتامین، هەندێك حاڵەت هەیە كە تێیدا دەبنە هۆی هەستەوەری بەهۆی ئەو پێكهاتە خۆراكییانەی كە دەچێتە لەشەوە. بۆ نمونە كەمی ڤیتامین B12 چەندان كاری گرنگ لە لەشدا ئەنجام دەدات بەتایبەتی دەمارەكان بە دروستی دەهێڵێتەوە، ئەگەر رێژەی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا كەم بوو ئەوە ناڕێكی لە دەمارەكاندا روو دەدات و دەبێـتە هۆكارێك بۆ هەستەوەری.

چوارەم: ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە زۆركات دووچاری هەستەوەری دەبنەوە، چونكە ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە كاریگەری لەسەر دەمارەگانیان دروست دەبێت بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە توانای رێكخستنی شەكری خوێنیان نییە.

پێنجەم: دووگیانی، لە هەندێك حاڵەتدا هەستەوەری حاڵەتێكی ئاساییە لە كەسانی سكپڕدا، ئەمەش زیاتر بەهۆی گۆرانی هۆرمۆنەكانەوە دروست دەبێت و بڕێكی زۆر مولوولەی خوێن لە لووتدا زیاد دەكات و بەمەش دەبێتە هۆی هەستەوەری، هەندێك نیشانە هەن كە لە سەرەتایی سكپڕیدا دروست دەبێت وەك ژانە سەر و هێڵنجدان و رشانەوە.



وشە - ئاوات ئازاد