ئیكاردی رازی بووە ببێتە هێرشبەری یۆڤێنتۆس

:: PM:12:33:15/02/2019 ‌

پەیوەندی نێوان ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری ئەرجەنتینی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی بە كۆتایی گەیشتووە و پێناچێ بۆ وەرزی داهاتوو هەردووكیان دووبارە بەیەكەوە ببینرێنەوە.

ئیكاردی رەتی كردۆتەوە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان نوێ بكاتەوە بە كەمتر لە مووچەی ساڵانەی 8 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ دیاریكردنی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نێوانیان، ئەم داواكارییانەش لەلایەن بەرپرسانی یانەی ئینتەرەوە رەت كراوەتەوە.

ئەمە بووە هۆی ئەوەی یانەكە نیشانەی كاپتن لەو هێرشبەرە ئەرجەنتینییە وەر بگرێتەوە، بە هۆیەشەوە ئیكاردی رەتی كردەوە بەشداریی لە یارییەكەی دوێنێ پێنجشەمی یانەكەی لە خولی ئەوروپا بەرامبەر یانەی رابید ڤییەنای نەمساوی بكات.

رۆژنامەكانی ئیتاڵیا ئاشكرایان كرد كە یانەی یۆڤێنتۆس پەیوەندی بە ئیكاردییەوە كردووە و لەگەڵی رێككەوتووە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەست ئیمزا بكەن بەهۆی كێشە بەردوامەكانی لەگەڵ بەپرسانی یانەی ئینتەر میلانەوە.

رۆژنامەی (كالچیۆ میركاتۆ) بڵاوی كردەوە: ئیكاردی لەسەر داواكانی بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس رازی بووە و لەبەرامبەیشدا رەتی كردۆتەوە گرێبەستەكەی یانەی ئینتەر میلان نوێ بكاتەوە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردوە كە رێككەوتنی تەواو لەنێوان ئیكاردی و بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس كراوە و بەدڵنیاییەوە لە وەرزی داهاتوو ئەم هێرشبەرە ئەرجەنتینییە درێسی پاڵەوانەكەی هەشت ساڵی رابردووی ئیتاڵیا دەپۆشێ.

یانەی یۆڤێنتۆس لە وەرزی رابردوو هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئەم هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵییە دابوو بەر لەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی پەیوەندی بە تیپەكەیانەوە بكات، بەڵام یانەی ئینتەر میلان رەتی كردبووەوە دەستبەرداری بێت.

جێی باسە ئیكاردی ماوەی چەند ساڵێكە لەلایەن چەندان گەورە یانەی ئەوروپاوە داوا دەكرێ لەسەرووی هەمووشیانەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م