یوفا بڕیاریداوە لێكۆڵینەوە لەسەر رامۆس بكات

:: PM:12:46:15/02/2019 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بەفەرمی بڕیاری دا لێكۆڵینەوە لەسەر سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بكات سەبارەت بە وەرگرتنی كارتی زەردەی یارییەكەی بەرامبەر یانەی ئەیاكس ئەمستەردام.

چوارشەمی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی یۆهان كڕۆیف لە هۆڵەندا بووە مێوانی یانەی ئەیاكس و یارییەكەشی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لێ بردەوە.

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا رۆژنامەكانی ئەوروپا چەندان هەواڵیان دژی رامۆس بڵاو كردەوە و تۆمەتی ئەوەیان خستبووە پاڵ كە بە ئەنقەست ویستوویەتی كارتە زەردەكە وەربگرێ بۆ ئەوەی لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر ئەیاكس یاری نەكات و كارەتە زەردەكانی تری لە قۆناغەكانی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە لەسەر رەش ببێتەوە.

یوفا رایگەیاند كە بڕیاریداوە لە رێگەی لیژنەی رێكخستنەوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم كارتە زەردەی رامۆس بكات، بێگومان ئەگەر دەرچوو بە ئەنقەست ئەمەی كردووە رووبەڕووی سزایەكی قورس دەبێتەوە.

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا جەختیشی كردەوە كە رۆژی 28ی ئەم مانگە لیژنەكە كۆ دەبێتەوە و بڕیاریی كۆتایی دەدات و چارەنووسی رامۆس یەكلایی دەكاتەوە.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م