گۆڵپارێزەكەی بەلەد وەلید چۆنییەتی گێڕانەوەی لێدانە سزاكەی میسی ئاشكرا كرد

:: AM:10:40:17/02/2019 ‌

جۆردی ماسیپی گۆڵپارێزی یانەی بەلەد وەلید شێوازی گەڕانەوەی لێدانە سزاكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یارییەكەی شەوی رابردوویان بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرا كرد.

شەوی رابردوو یانەی بەلەد وەلید لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بووە مێوانی یانەی بەرشەلۆنە و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام دۆڕاند.

تاكە گۆڵەكەی یانەی بەرشەلۆنە لە رێگەی سزاوە بوو و لە خولەكی 43ی گێمی یەكەمدا لیۆنێل میسیی تۆماری كرد.

لە گێمی دووەمیشدا لە خولەكی 85 ناوبژیوان لێدانێكی سزای تری بۆ یانەی بەرشەلۆنە و بەرژەوەندی فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی هەژمار كرد، بەڵام ئەمجارە ماسیپ بەسەركەوتوویی گۆڵی یانەكەی لە لێدانەكەی میسی پاراست.

ماسیپ پێشتر گۆڵپارێزی یانەی بەرشەلۆنە بووە و دەرچووی ئەكادیمیای لاماسیای پێگەیاندنی یاریزانان بووە.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی شێوازی گەڕانەوەی لێدانە سزاكەی ئاشكرا كرد و رایگەیاند: میسی لێدانی سزای یەكەم بە باشی جێبەجێ كرد، بەڵام لە لێدانی سزای دووەمدا توانیم بە چركەیەك جەستەی خۆم بە خێرایی ئاراستە بكەم و تۆپەكە بگەڕێنمەوە.

زیاتر گوتی: لێدانی سزا هەمیشە بۆ گۆڵپارێزان زەحمەتە، كاتێكیش لە یانەی بەرشەلۆنە بووم لە كاتی مەشق و راهێنانەكاندا تەنانەت یەكجاریش نەمتوانیبوو لێدانی سزای میسی بگەڕێنمەوە، بەڵام ئەمجارە سەركەوتوو بووم لە گێڕانەوەی لێدانە سزاكەی.

لە كۆتاییدا ماسیپ رایگەیاند كە لە كۆتایی یارییەكەدا سەرجەم یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە دەستخۆشییان لێ كردم و دڵخۆشبوون لەوەی كە توانیم ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەم.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م