بۆ بواتینگ نەهاتە

:: PM:12:41:17/02/2019 ‌

كیڤن پرێنس بواتینگی هێرشبەرە نوێیەكەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی جگە لەوەی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی بەلەد وەلید رووبەڕووی رەخنەیەكی توندی هاندەران بووەوە، دوای یارییەكە تووشی كێشەیەكی تریش بووەوە.

بواتینگ لە یارییەكەدا بۆ ماوەی 60 خولەك یاریی كرد، بەڵام نەیتوانی ئەو ئاستە پێشكەش بكات كە لێی چاوەڕی دەكرا و شوێنی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی پڕ بكاتەوە.

هێرشبەرە گانییەكە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی رابردوو بەشێوەی خواستن لە یانەی ساسولۆی ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنە كرد.

بواتینگ جگە لەوەی لەلایەن هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنەوە رووبەڕووی رەخنەیەكی توند بووەوە، لە كاتی گەڕانەوەشی بۆ ماڵەكەی پێیان راگەیاند كە لە ماڵەكەی دزی لێ كراوە.

بواتینگ لە ماڵەكەیدا چەندان زێڕ و خشڵی لێ دزراوە كە نرخەكەی دەگاتە 300 هەزار یۆرۆ لەگەڵ بڕێكی زۆری پارە.

بواتینگ دوای بینینی رووداوەكە پۆلیسی شاری بەرشەلۆنەی ئاگادار كردەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە دەستیان كردووە بە گەڕان بەدوای تاوانبارەكە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م