هه‌رچه‌نده كه‌سایه‌تی زۆری كورد له ڕیزی حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی سوڵتانه‌كانی عوسمانی بوونیان هه‌یه و پۆستی باڵا و كاریگه‌رییان وه‌رگرتووه، به‌ڵام زۆرینه‌یان بێ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هۆی زاڵبوونی هه‌ستی ئاینی له كوردبوون داشۆراون و بێباكانه نه‌ك ته‌نیا خۆیان به‌ڵكوو هۆزه كوردییه‌كانیشیان هێناوه‌ته ڕیزی خۆیان تا خۆیان به كوشت بده‌ن له پێناوی سوڵتان و عوسمانییه‌كان، ئه‌مه‌یش به هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیجی نه‌ته‌وایه‌تی كورد داده‌نرێ، كه له دێر زه‌مانه‌وه بیری نه‌ته‌وایه‌تی كردووه‌ته قوربانی سۆزی ئاین، بۆیه هه‌موو كات بێ هیچ ده‌سكه‌وتێك له هاوكێشه‌كان هاتووه‌ته ده‌ره‌وه.
ئیسماعیل حه‌قی پاشا له 1818 له ناوچی قارس له دایكبووه و له 22ی شوبات / فێبرایه‌ری 1897 له ئیستانبۆل كۆچی دوایی كردووه، له والی ئامه‌د و دواتر ئه‌رزروم و پاشان فه‌رمانده‌ی سوپای عوسمانیه‌كان له ئه‌رزروم و دواجاریش فه‌رمانده‌ی گشتی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانلی بووه. ئه‌و كوڕی شه‌ریف به‌گ بووه له 1833 یه‌كه‌م ئه‌ركی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ و له 1853 به‌شداری جه‌نگی دژی ئێرانییه‌كان كردووه، دواتر له جه‌نگی دوورگای كرێما به‌شدار بووه و پاشان ڕۆڵی گێڕاوه له یه‌كخستنی هۆزه كوردییه‌كان بۆ خزمه‌تی ئامانجه ستراتجییه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانلی، له 1868 كراوه‌ته والی ئامه‌د "دیاربه‌كر" تا 1875 له پۆسته‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه.
له‌و كاته‌ی والی ئامه‌د بوو ڕۆژنامه‌ی ده‌ركردووه و گرنگی به رۆشنبیری و خوێندن و نووسین داوه و سیسته‌می چاكسازی ڕاگه‌یاندووه، ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابخانه‌ی كردووه‌ته‌وه و شه‌قامه‌كان چاككراون و گه‌شانه‌وه ده‌ستی پێكردووه، له سه‌رجه‌م بواره‌كانه‌وه، به‌وهۆیه‌وه زۆربه‌ی هۆزه كوردییه‌كانی ناوچه‌كه ڕێز و خۆشه‌ویستی زۆریان بۆ ده‌ربڕیوه و ئه‌میش پاشان ئه‌و ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌ی قۆستووه‌ته‌وه و داوای له هۆزه‌كان كردووه پیاوانیان بنێرنه ڕیزی سوپا تا له ڕێی خودا بجه‌نگن، به‌وهۆیه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نجانی كوردی كردووه‌ته قوربانی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و ئامانجه كه‌سییه‌كانی خۆی.
له تشرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ری 1875 له دیاربه‌كر دوورخراوه‌ته‌وه و وه‌ك فه‌رمانده‌ی سوپای سێیه‌م دامه‌زراوه، پاشان له ئایار/مایۆی 1876 كراوه‌ته پارێزگاری ئه‌رزڕووم، له 1877 به‌هۆی كۆچی دوایی محه‌مه‌د یافر پاشا له شوێنی ئه‌و فه‌رمانده‌یی سوپای ئه‌نادۆلی وه‌رگرتووه و فه‌رمانده‌ی سوپای چواره‌می عوسمانییه‌كانیش بووه و به‌شداری له چه‌ندان جه‌نگ كردووه، دیارترینیان هێرش بوو بۆ سه‌ر ڕووسه‌كان له باكوری رۆژهه‌ڵات و ناوچه‌كانی جۆرجیای ئێسته كه زیاتر له 40 هه‌زار كوردی وه‌ك سه‌رباز كرده قوربانی و به‌كاری هێنان بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی ڕووسه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانیان له‌سه‌ر ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی.
دوای ته‌واوبوونی جه‌نگ و گه‌ڕانه‌وه‌ی له 1880 له ئیسته‌نبۆله‌وه بانگ كرا تا سه‌ردانی پایته‌ختی عوسمانییه‌كان بكات، دوای چوونی بۆ ئیسته‌نبۆل وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانلی ده‌ست به‌كاربوو و تا كانوونی یه‌كه‌م /یه‌نایه‌ری 1881 له‌و پۆسته مایه‌وه و دواتر خانه‌نشین كرا و له 22ی شوبات /فێبرایه‌ری كۆچی دوایی كرد و هه‌ر له ئیسته‌نبۆل نێژرا و له دیاربه‌كریش مزگه‌وتێك و قوتابخانه‌یه‌ك به‌ناوی ئه‌وه‌وه له‌لایه‌ن براكه‌ی مه‌دحه‌ت پاشا دروست كرا.
ئیسماعیل حه‌قی پاشا دوا پله‌ی له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی "موشیر" بوو كه به‌رزترین پله‌ی سه‌ربازی بوو بۆ هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی پێی بگات و دوای مردنیشی حكوومه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ڕێزی زۆریان لێ نا و به شكۆوه ته‌رمه‌كه‌یان له ئیسته‌نبۆل ناشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام جێی باسه، به‌كارهێنانی ئه‌و ژماره زۆره‌ی گه‌نجانی كورد بووه بۆ خزمه‌تی ئامانجه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و به كوشتدانیان بۆ شكاندنی دوژمنانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه خودی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی به ته‌واوی دژی مافه‌كانی گه‌لی كورد بووه و هیچ كات ڕێی نه‌داوه كورد ببن به خاوه‌ن قه‌واره و پێگه‌ی خۆیان و هه‌میشه میر و به‌گ و پیاوه‌كانی كوردی بۆ سه‌ركوتی دوژمنه‌كانی به‌كارهێناوه و ئه‌وانیش خۆشه‌ختانه چوونه‌ته ژێر باڵی ئه‌و داوایانه‌ی ئیسته‌نبۆل به بیانووی لایه‌نی ئاینییه‌وه و زاڵكردنی ئاین به‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هۆز و پیاو و كه‌سایه‌تییه‌كانی كورد له‌و كاته‌دا.
ئیسماعیل حه‌قی پاشا سه‌ره‌ڕای خزمه‌ته زۆره‌كانی بۆ شاری ئامه‌د، به كردنه‌وه‌ی چاپخانه و ده‌ركردنی ڕۆژنامه و بوژاندنه‌وه‌ی كشتوكاڵ و چاككردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی گه‌یاندنی ئاو به زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش و بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری دیار به‌كر، گۆڕینی سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن له سه‌ره‌تاییه‌وه تا گه‌یشتن به زانكۆ و هێنانی شێوازی نوێی وانه گوتنه‌وه و زانستی سه‌رده‌م، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه هێنده‌ی ئه‌وه كاریگه‌رییان نه‌بوو، كه 40 هه‌زار كوردی به‌كارهێنا بۆ دژایه‌تیكردن و شه‌ڕی ڕووسه‌كان له ساڵی 1877 و 1878، بۆیه له ڕوانگه‌ی كوردبوونه‌وه، ئه‌و جیا له خزمه‌تكارێكی سوڵتانه‌كانی
عوسمانی به دڵسۆزی و كڕنووش بردنه‌وه، هیچ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی پێشكه‌شی گه‌له‌كه‌ی نه‌كردووه، ئه‌و كارانه‌ی تریشی كه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئامه‌د كردوویه‌تی، كاری هه‌ر كه‌سێكه ئه‌گه‌ر به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵبستێ و له پۆستی والی یان پارێزگاری شارێك بێت.