ئەمڕۆ دوای هاتنی پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ پەرلەمان بەمەبەستی یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەكو هەمیشە جەلال پەرێشان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پایسكیل چووە پەرلەمان و لە بەردەم دەرگای پەرلەمان ڕای گرت و دواتر دەنگۆی بردنی ئەو پایسكیلە بڵاو بوویەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی شوبات، سەرچاوەیەك لە ناو پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەكو هەمیشە جەلال پەرێشان بە پایسكیل هاتە پەرلەمان و پایسكیلەكەشی لە پێش تەلاری پەرلەمان ڕاگرت لەلای دەستە ڕاستەوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، دواتر بەهۆی چوونی پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسان بۆ ژووری سەنتەری میدیا و هاتنەوەیان بۆ بەردەم ژووری هاتنە دەرەوەی پەرلەمانتاران پایسكیلەكە لەسەر ڕێگەكە لابرابوو و ئەمڕۆیش جەنجاڵییەكی زۆر و میدیاكارێكی زۆر ئامادەبوون بۆیە وا بڵاو كرایەوە پایسكیلەكە براوە.
ئەو سەرچاوەییە ئاشكرای كرد، پایسكیلەكەی جەلال پەرێشان نەبراوە و ئەوەشی گوتراوە بۆ خۆشی بووە و ئێستە ئەو پایسكیلە لە پەرلەمانە كە جەلال پەرێشان بۆ هاتوچۆ بەكاری دەهێنێت.
پێشتر جەلال پەرێشان ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بوو دوای دەرچوونی بڕیاریدا كە بە پایسكیل هاتوچۆ بكات.