ئامانجی سەرەكی ئەمساڵی یانەی بەرشەلۆنە خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە

:: AM:11:59:19/02/2019 ‌

سكرتێری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە ئامانجی ئەمساڵی یانەكەیان بەدەستهێنانی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە.

ئیریك ئەبیدال سكرتێری یانەی بەرشەلۆنە بە ماڵپەڕی یانەكەی راگەیاند: هەموو ئامانجی ئەمساڵمان وەك یانەی بەرشەلۆنە برێتییە لە بەدەستهێنانی جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

یانەی بەرشەلۆنە ئەمشەو سەعات 11ی شەو بە كاتی كوردستان لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولەكە دبێتە مێوانی یانەی لیۆنی فڕەنسی.

لەبارەی یارییەكە ئەبیدال رایگەیاند: بێگومان یارییەكەی ئەمشەومان بەرامبەر یانەی لیۆن بەهێز و پڕ لە ركابەری دەبێت، چونكە یانەكە دەیەوێ ئەمساڵ مێژوویەكی گەورە بۆ خۆی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا تۆمار بكات، جگە لەوەش یاریزانی باشیان هەیە و لەگەڵ راهێنەرێكی زیرەك.

زیاتر گوتی: سەرەڕای ئاستبەرزی یاریزانانی یانەی لیۆن، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێ یارییەكەی ئەمشەو بباتەوە و بۆ ئەوەی هەنگاوێكی تر لە بەدەستهێنانی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا نزیك ببێتەوە.

سكرتێری یانەی بەرشەلۆنە لە كۆتاییدا جەخی كردەوە كە یانەكەی لە وەرزی ئەمساڵدا بە بەراود لەگەڵ سەرجەم یانەكانی تر هەلی بەدەستهێنانی جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای زیاترە بە تایبەتیش یانەی لیۆن كە ئەمشەو رووبەڕووی دەبێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م