بۆ نوێكردنەوە ساڵانەی ئۆتۆمبێل بڕیارێكی نوێ‌ دەرچوو

:: PM:02:54:19/02/2019 ‌
بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا پێویستە شۆفێری ئۆتۆمبێلی (كرێ‌ – بارهەڵگر) واتا هەڵگری تابلۆی سوور ‌و زەرد بۆ نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان پشتگیری سەندیكای كرێكاران ‌و گواستنەوە بهێنن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی شوبات، كاروان محەمەد سەدیق گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی ڕاگەیاندووە، لە سەر داوای سەندیكای كرێكاران‌ و گواستنەوە ‌و مەكتەبی جێبەجێ‌ كردن كاتێك ئەو كەسانەی خاوەنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر یا كرێن واتا ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵگری تابلۆی (سوور ‌و زەرد)ن لە كاتی نوێكردنەوەی ساڵانەكانیاندا پێویستە ئەو كەسانە بنێردرێن بۆ سەندیكای كرێكاران ‌و گواستنەوە بەمەبەستی هێنانی پشتگیری‌.

گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی گوتی، وەزارەتی ناوخۆ لە بەرواری (19/1/2019)دا بەنووسراوێك سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی ئاگاداركردەوە كە هەروەك چۆن پێشتر خاوەنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر‌ و كرێ‌ بۆ نوێكردنەوەی ساڵانەكانیان پشتگری باجی دەرامەتیان هێناوە پێویستە بەهەمانشێوە پشتگیری سەندیكای كرێكاران ‌و گواستنەوە بهێنن.

ئاشكرای كردووە، بەپێی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ‌ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم كە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆكان كراوە، كار بەو بڕیارە دەكرێت‌ و پێویستە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە پشتگیری سەندیكای كرێكاران‌ و گواستنەوە بهێنن بۆ نوێكردنەوەی ساڵانەكانیان.



وشە - رامیار جەواد