سەدر و عامری هەڵوێستیان لە بەرانبەر ئەمەریكا یەك دەخەن

:: PM:06:16:19/02/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح دووپاتی دەكاتەوە كە كۆبوونەوەی لیژنەكانی هەردوو هاوپەیمانیەتی سائیروون و فەتح خەریكە تەواو دەبێت و پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوو هاوپەیمانیەتییەكە هەریەك لە موقتەدا سەدر و هادی عامری ئامادەی كۆبوونەوەكە ببن.

محەمەد كەریم پەرلەمانتاری فەتح ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە كاری ئەو لیژنانەی لە دوای كۆبوونەوەكانی هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون لەبارەی یەكخستنی هەڵوێستیان لە بەرانبەر بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق و تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و پێشكەیشكردنی خزمەتگوزارییەكان، خەریكە تەواو دەبێت. 

زیاتر گوتی، رێنوێنی و ئەنجامی كۆبوونەوەكان بۆ لیژنەی شەشقۆڵی و دواتر بۆ كۆبوونەوەی سەرەكیی نێوان هەردوو هاوپەیمانی بەرز دەكرێتەوە بۆ هەڵوێست وەرگتن، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەو كۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی هەریەك لە موقتەدا سەدر و هادی عامری بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ سامر زیبانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رای گەیاند كە كۆبوونەوەكانی سائیروون و فەتح لەلایەك پرسی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق تەواو دەكەن، لەلایەكی تر هەوڵی گەیشتن بە یەكبڕیاڕ لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەدەن.

هەر ئەمڕۆ نەدا شاكر پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئیسڵاح كە سەدر پاڵپشتی دەكات، پێشوازی هاوپەیمانیەتییەكەی لە نزیكبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە ئەوان بوونی هەر هێزێكی بیانی لەسەر خاكی عێراق رەت دەكەنەوە لەوانەیش ئەمەریكا.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل